رێک 945 رۆژە گەشتەکان وەستاون

 ئەمشەو یەکەم فڕۆکە لە ئیستانبوڵەوە بەرەو سلێمانى دەفڕێت

وریا فەتاح

945 رۆژ لەمەوبەر و لە 3ـى نیسانى 2023، تورکیا بە بڕیارێک باڵی فڕۆکەکانی کردو گەمارۆی خستە سەر تاکە رێڕەوی ئاسمانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو دوو ئیدارە سەربەخۆکەی راپەڕین و گەرمیان.

ئەمڕۆش دوای دوو ساڵ و حەوت مانگ، یەکەم فڕۆکەی سپی کلک سوور لە ئەستەنبووڵەو دەفڕێت، بەڵام سبەینێ لە سەر رێڕەوە سەرەکییەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی تایەکانی لە زەوی دەدات و ئەو دوو فڕۆکەخانە زیزە بەیەک شاد دەکاتەوە.

گەشتەکە بەم شێوەیەیە، لە کاتژمێر 10:30 خولەکی شەو، 162 سەرنشین بە فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ 737ی قەد باریک لە شەقەی باڵ دەدەن و دوای کەمتر لە سێ کاتژمێرو لەسەعات 1:10 خولەکی شەو لەسەر شاشەی زانیارییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەنوسرێت گەشتی ژمارە TK808 گەیشت.

ئەم فڕۆکەیە یەکەمین فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی تورکیایە کە دوای 135 هەفتە واتا 945 رۆژ، رێگەی بدرێت بەرەو سلێمانی بفڕێت، ئیتر هەموو هەفتەیەک 4 جارو لە رۆژانی هەینی و شەممە و دووشەممەو سێشەممە فڕۆکە لە نێوان تورکیا و سلێمانی دێن و دەچن.

تورکیا ئەو کاتەی گەشتەکانی راگرت بیانووی ئەوە بوو پارتی کرێکاران سوود لەو فڕۆکەخانەیە دەبینێت، لەگەڵ خۆیشیدا یەک کۆمەڵ گەشتی گرنگی ئەوروپی لە سلێمانی قوفڵدا.

هەر شەش مانگ جارێک دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی تازە دەکردەوە، تا ئەو کاتەی رۆژی 9ـى تشرینی یەکەمی ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم چووە تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆگانی بینی، سەرۆکایەتی هەرێم دوای ئەوە رایگەیاند ئەردۆگان بە داوای میوانەکی رازی بووەو گەمارۆکانی هەڵگرتووە.

هەرچەندە ناوی فڕۆکەخانەکە بۆ جەلال تاڵەبانی گۆڕاوە، بەڵام لە داتاکانی تورکیش ئێرلاین هەر بە فڕۆکەخانەی سلێمانی ناوی هاتووەو بە هێمانی (ISU) دەناسرێتەوە.