کەسێک سەرقاڵی مامەڵەیە لەرێگەی کارتی بانکیەوە. وێنە: ئاژانسەکان.
ئاسایشی عێراق هۆشداریی دەدات
دزینی پارە و زانیاری بە ئۆنلاین زۆر بووە و ئاگاتان لەخۆبێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هۆشداریدا لە بەرزبوونەوەی حاڵەتەكانی ساختەکاریی دارایی ئۆنلاین و دزینی پارە و داتای بەشداربووانی سیستمە ئەلیكترۆنییەكان، داوا لە هاوڵاتیانیش دەكەند، پێش ئەوەی هەر زانیارییەکی کەسی یان بانکی ئاشکرا بکەن، راستەوخۆ پەیوەندی بە بانکەکانەوە بکەن.
لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە 1.11.2025 ئەرشەد ئەلحەکیم، وتەبێژی فەرمی دەزگای ئاسایشی عێراق رایگەیاند، “دەزگای ئاسایشی نیشتمانی تێبینی زیادبوونی چالاکی ساختەکاریی دارایی ئۆنلاینی کردووە، کە لە رێگەی پەیج و ماڵپەڕەکانی سۆشیال میدیاوە ئەنجام دەدرێن و خۆیان وەك كەسانی ناو بانکی ناوخۆیی و بیانی دەناسێنن، ئەم ئەکاونتانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە قەرز یان دەرفەتی وەبەرهێنانی وەهمیی پێشکەش دەکەن بۆ راکێشانی قوربانییەکان و دزینی پارەکانیان و وردەکارییە بانکییەکانیان”.
روونیشی کردەوە، “فێڵبازەکان تاکتیکی سەرنجڕاکێش بەکاردەهێنن، بەکارهێنانی ریکلامی سەرنجڕاکێش کە بەڵێنی قەرزی ئاسان، یارمەتی دارایی بێبەرامبەر، یان ئۆفەری فرۆشتنی دۆلار دەدەن بە نرخێکی سەرنجڕاکێش، دواتر قوربانیەکان ئاراستەی ماڵپەڕە ساختەکان دەکەن کە تێیدا داوای زانیاری کەسی یان وردەکاری کارتی بانکی دەکەن، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی دزینی موچە یان جێبەجێکردنی گواستنەوەی دارایی بێ مۆڵەت”.
وتەبێژەكە داوا لە هاوڵاتیان دەكات، “ناسنامەی هەر دامەزراوەیەکی دارایی لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانیەوە پشتڕاست بکەنەوە و راستەوخۆ پەیوەندی بە بانکەوە بکەن، پێش ئەوەی هەر زانیارییەکی کەسی یان بانکی ئاشکرا بکەن”.
جەختیشی لەوە کردەوە، ” لایەنە فەرمییەکان هەرگیز داوای زانیاری هەستیار بە شێوەی ئۆنلاین ناکەن”.
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بەکارهێنانی تەکنیکەکانی زیرەکیی دەستکرد مەترسیدارن و دەتوانرێت سوودیان لێوەربگیرێت بۆ گۆڕینی دەنگ یان وێنە و بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی ساختە، کە مەبەست لێی چەواشەکردن یان هاندانی ئاژاوەگێڕانە، بۆیە پێویستە پشتڕاستی هەر پلاتفۆرم و ماڵپەڕێك یان پەیجێك بكرێتەوە، پێش ئەوەی بەكاری بهێنی.