نمایشی ئەسپ لە تانجەرۆ بەڕێوەچوو
” ئەسپی كوردی لە فێستیڤاڵەكاندا جوانتر نمایش دەكات”
964+
دیلان محەمەدجەزا
بە بەشداریی ژمارەیەكی زۆری ئەسپی كوردی و ئەسپی عەرەبی، نمایشی ئەسپ لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی بەڕێوەچوو، شارەزایەكی نمایشی ئەسپیش دەڵێ: ئەسپی كوردی لە فێستیڤاڵەكاندا جوانتر نمایش دەكات.
ئەمڕۆ هەینی 31.10.2025 ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان و ئارەزوومەندانی ئەسپ، لە پێشبڕكێی نمایشی ئەسپی كوردی و عەرەبی لە تانجەرۆ ئامادەبوون،
زیاتری 100 ئەسپ بەشداریی ركابەرییەكان بوون و خۆیان نمایش دەكرد، كە بەشێكی ئەسپەکان لە ئێرانیشەوە هاتبوون.
سەلمان جاف، سەرپەرشتیاری نمایشەكە بە 964ی راگەیاند، پێشبڕكێیەكە بۆ جوانی ئەسپ بوو، كە ئەسپی كوردی لە فێستیڤاڵەكاندا جوانتر خۆی نمایش دەكات و خۆڕاگرییشی زیاترە.
نرخی ئەسپ لە دڵدایە
لە بارەی نرخی ئەسپەكانیشەوە، سەلمان دەڵێت كە لە 500 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تا 300 هەزار دۆلار و زیاتریش.
لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت: “نرخی ئەسپ لە دڵدایە، كەسێك ئەسپێكی بەدڵ بێت، نرخەكە لە دڵی ئەودایە”.
سەلمان جاف ئاماژە بەوە دەكات، ئێستا گەنجان ئارەزووی بەخێوكردنی ئەسپیان زیاد بووە و ئەوەی توانای هەبێت حەزدەكات ئەسپی هەبێ و بەخێوی بكات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا