یادی 16 ساڵەی کۆچی دوایی حەمە جەزا لە ماڵەکەیدا کرایەوە

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

ئەمڕۆ 16 ساڵ بەسەر ژیانئاوایی هونەرمەندی شاخ و شار، حەمە جەزا، تێپەڕدەبێت و ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، بنەماڵەکەی بەشێوەیەکی دیکە یادەکەیان بەرزراگرت.

بنەماڵەی حەمە جەزا بۆ یادکردنەوەی ژیانئاواییەکەی، ئەمساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا لە سلێمانی بۆنەیەکیان رێکخست و چەند کەسایەتی ناسراو و هونەرمەند تێیدا بەشداربوون، ئەمەش جیاواز بوو لە ساڵانی رابردوو کە تێیدا کەسوکار وهاوڕێیانی حەمە جەزا و زۆربەی هونەرمەندان دەچوونە سەر گڵکۆکەی بۆ یادکرنەوەی کۆچی دوایی هونەرمەندەکە.

هونەر حەمە جەزا، هونەرمەند و کوڕی حەمە جەزا، بە 964ـی وت، “یادکردنەوەی هونەرمەند حەمە جەزا لە ماڵەکەی خۆیدا لەبەر ئەوە بوو کە نەمانویست خەڵکی ئەزیەت بدەین و لەبەر ئەوەشە ویستمان ئازیزان و هاوڕێیانی خۆی دوای چەندین ساڵ بێنە ماڵەکەی کە پێشتر دڵیان بەرایی نەدەهات ببنە میوانمان، بۆیە ئەمساڵ ویستمان لێرە میواندارییان بکەین.”

حەمە جەزا ساڵی 1949 لە سلێمانی لەدایکبووە و قۆناغی زێڕینی تەمەنی لە پێشمەرگایەتیدا بەسەربردووە. چەندین سروودی نیشتمانی و ئاوازی کوردی چڕیوە. لە تەمەنی 19 ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە خاوەنی شەش منداڵە. رۆژی 1.10.2010 و لە تەمەنی 61 ساڵیدا بە نەخۆشی ژیانئاوایی کرد و لە گۆڕستانی سەیوان لە سلێمانی بەخاک سپێردرا.

پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا