قایمقامى دەربەندیخان: 10 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوی پاک تەرخانکرا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوكردنی پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان و 700 ملیۆن دیناریش بۆ نۆژەنكردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری قەزاکە تەرخانكرا و سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاددەكرێت.
سلێمان محەمەد، قایمقامى دەربەندیخان ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لەبەردەم خۆپیشاندەرانى قەزاکە رایگەیاند، تینمی نۆژەنکردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری لە ئەمڕۆوە دەستبەکار بوون و بە باشترین کوالیتی نۆژەنکردنەوەکە ئەنجامدەدەن.
هۆڵى نەشتەرگەریی لە نەخۆشخانەی گشتیی شەهید تۆفیق لە دەربەندیخان، بەهۆى بومەلەرزە لە ساڵى 2017ـوە لەکارکەوتوە.
هێشتا جێبەجێکردنی پرۆژەی دابینکردنی ئاوی پاک دەستیپێنەکردووە
ئەو پارەیەی بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە دەربەندیخان تەرخانکراوە ئامادەیە، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار هەندێک مەرجی داناوە، بۆیە هێشتا جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەستیپێنەکردووە، سلێمان محەمەد وای وت.
دانیشتووانی دەربەندیخان لە سەرەتای مانگی شوباتی رابردوو دەستیان بە مانگرتن کرد و داوای ئاوی پاک و نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە و کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان کرد.
خۆپیشاندانی دەربەندیخان ئەمڕۆ کۆتاییهات
ئەوان ئەمڕۆ چوارشەممە 1.3.2023، کۆتاییان بە خۆپیشاندان و مانگرتن هێنا و بەنیازن بەیانی شاندێکی دەستەی مانگرتووان سەردانی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت بکەن بۆ دڵنیابوون لە خەرجکردنی 10 ملیۆن دۆلارەکە.