دهۆک لە خەمڕەخسا
بۆرییەک دڵی وێستگە گەورەکەی شار دەبووژێنێتەوە
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ حکومەت بە رەسمی تەواوبوونی پرۆژەی بۆری گازی سروشتی لەنێوان هەولێرو دهۆک راگەیاند، پرۆژەکە وێستگەی کارەبای دهۆک لە خەم دەڕەخسێنێت و ناهێڵێت پەکی بکەوێت، لەوەش زیاتر هەرچی پرۆژەیەک لەو دەورووبەرە پێویستیان بە گازی سروشتی بێت بەشیان دەکات و ئیشی خۆیانی پێ دەکەن.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 28.10.2025 خۆی چووە دهۆک بۆ کردنەوە پرۆژەکە، لەوێ هەر ئەوەندەی دەسکی کارپێکردنی پرۆژەکەی سوڕاند، بڵێسەی ئاگر لە یەکێک لە بۆرییەکانەوە بەرزبووەو بەوەش گەیاندنی گازی سروشتی بە وێستگەکە راگەیەندرا.
لە دهۆک وێستگەیەکی کارەبای گەورە هەیە بە ناوی وێستگەی کاشی، بەڵام چەند وەختە لەبەر ئەوەی بە دیزڵ کاری پێ دەکرێت، بەرهەمەکەی نەگەیشتووتە ئەو ئاستەی چاوەڕێی دەکەن، ئەمڕۆ کە گازی سروشتی پێگەیشت ئیتر دەتوانێت لەمەودوا بێ وەستان 1000 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت.
وێستگەی کارەباکە کۆمپانیای ماس دروستی کردووەو بۆرییەکەش کۆمپانیای کار لە هەولێرەوە هەتا ناو وێستگەکە گەیاندوویەتی، ئەو کاتەی سەرۆکی حکومەت دانیشتبوو گوێی بۆ وتاری بەرپرسانی شارو وەزیر راگرتبوو، هەردوو وەبەرهێنەکە (شێخ باز بەرزنجی و ئەحمەد ئیسماعیل) لە دەستە راست و دەستە چەپی دانیشتبوون.
مەسرور بارزانی لە وتارەکەی خۆیدا سوپاسی هەردوو وەبەرهێنەکەی کردو وتی ”پێشتر کاک ئەحمەد ئیسماعیل ئەم وێستگەیەی دروستکردبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی بە دیزڵ کاری دەکرد وەکو پێویست سوودی لێ نەدەبینرا، بەهۆی ئەوەی شێخ بازو کۆمپانیای کار گازە سروشتییەکەیان پێ گەیاند، باشتر سوودی لێ دەبیندرێت، ئەمە جگە لەوەی هەم بۆ ژینگە خاوێنترەو هەم لەسەر هاوڵاتیانیش هەرزانتر دەکەوێت”.
وتیشی ”لەم رێگایەنەوە کارەبا بەشی خۆمان دابین دەکەین و دەتوانین بیدەینە عێراق و دەوروبەریش، ئێمە ئامادەین هاوکاری زیاتری عێراق بکەین، بەڵکو ئەوانیش زیاتر هاوکاری ئێمە بکەن”.
سەرۆکی حکومەت باسی ئەوەی کرد کە هێڵەکەی نێوان بۆ چەمچەماڵ کاری لەسەر دەکرێت و هیوای خواست لە کاتێکی نزیکدا ئەویش تەواو ببێت.
پێش وتارەکەی سەرۆکی حکومەت، د. عەلی تەتەر پارێزگاری خانەخوێ، زۆر پەسنی پرۆژەکەیداو ئەم پرۆژە ستراتیژیانە لەگەڵ خۆیان دەیان پرۆژەی تر دەخەنە کار.
کاتێک نۆرە هاتە سەر کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا ئەویش بە داتا گرنگی راکێشانی بۆرییەکە روونکردەوە، کەمال محەمەد کە هەر خۆی وەزیری سامانە سروشتییەکانە بە وەکالەت باسی ئەوەی کرد کە ئەم بۆرییەی راکێشراوە 36 ئینجەو 198 کیلۆمەتر درێژەو 591 ملیۆن دیناری تێچووە، بە ماوەی دوو ساڵ کۆمپانیای کار دروستی کردووە.