لە کۆشکى سەرۆکایەتى
شاندی ئیمڕاڵی و ئەردۆغان کۆدەبنەوە
964+
باخان تۆفیق
پێشبینی دەکرا شاندی ئیمڕاڵی کە پێک دێن لە بەڕێوەبەرانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان(دەم پارتی) لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە 28.10.2025 کۆببنەوە، بەڵام دواتر کۆبونەوەکە دواخرا بۆ 30.10.2025.
بڕیارە کۆبونەوەکە لە کۆشکی سەرۆک کۆماری تورکیا لە “بێشتەپە” ئەنجام بدرێت، تاوەکو ئێستا شاندی ئیمڕاڵی دوو دیداری لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجامداوە، یەکەمیان لە رۆژی 10.4.2025 بوو کە تیایدا هەر یەکە لە پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری وان، سڕی سوڕەیا ئۆندەر پەرلەمانتاری کۆچکردووی ئیستانبوڵ بەشدار بوون.
هەروەها کۆبونەوەی دووەم لە رۆژی 7.7.2025 ئەنجامدرا و تیایدا هەریەکە لە پەروین بوڵدان، میتهەت سنجار پەرلەمانتاری رەها(ئورفا) لە شاندەکەدا ئامادە بوون، لە هەمان کاتدا ئفکان ئەلا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) و ئیبڕاهیم کاڵن سەرۆکی میت لە کۆبونەوەکەدا بەشداربوون، بە دیاریکراوی کۆبوونەوەکە یەک کاتژمێری خایاند و لە هەردوو کاتیشدا بە راگەیاندراوی فەرمی بەشێک لە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا کرا.
کۆبونەوەکەی ئەم جارەش کە کۆبونەوەی سێیەمە دوا بەدوای ئەوە دێت کە دوێنی 26.10.2025 پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە راگەیاندراوێکدا وەک نیەت پاکی بۆ پڕۆسەی ئاشتی و قۆناغەی دووەمی پڕۆسەکە، کشانەوەی هێزە چەکدارەکانی خۆی لە سنوری باکوری کوردستان و تورکیا راگەیاند.
لە قۆناغی یەکەمیشدا لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان پەکەکە لە 5.4.2025 و 7.4.2025 کۆنگرەیی 12هەمینی خۆیان بەست و تیایدا پەکەکەیان هەڵوەشاندەوە و بە نمایێشێک لە 11.7.2025 لە ئەشکەوتی جاسەنە- سورداش بە ئامادەبوونی ٣٠ گەریلا و نوێنەرانی وڵاتانی تورکیا و ئەوروپا و لایەنە سیاسییەکان بەشێک لە چەکەکانیان سوتاند، هەر بۆیە چاوەڕێ دەکرێت گەڕێکی تری سەردانە یەک لەدوای یەکەکانی شاندی ئیمڕاڵی بۆ قۆناغە نوێیەکانی پڕۆسەی ئاشتی دەستپێ بکاتەوە.