200 تەختییە و پەکی هیچت ناکەوێ تیایدا

هەولێری پایتەخت دەبێتە خاوەنی گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە عێراق

شۆڕش قادری

لە ھەولێری پایتەخت دەستکراوە بە دروستکردنی گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجە لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق بەستانداردی جیھانی، باڵەخانەکەی لە قۆناغی تەواوبوون دایە، سەرۆکی حکومەت خۆی چاودێری دەکات و بڕیارە پێش وادەی خۆی تەواو بێت.

کارەبا و ئاو و تەواوکارییەکانی دی تەواو بووە و دواتریش دەست بە دابینکردنی پێداویستی و ئامێرەکان دەکرێت، بڕیاربوو بە سێ ساڵ تەواو بکرێت، بەپێی راگەیەنراوێکی پارێزگای هەولێر، “کارەکان پێش وادەی خۆی بەڕێوەدەچن، ساڵێک و شەش مانگە کاری تێدا دەکرێت، بەقەد ساڵێک و 10 مانگ کاری تێدا کراوە”.

وەک دەڵێن، نەخۆشخانەکە کە گەورەترین نەخۆشخانەیە لەسەر ئاستی ھەرێم و هەموو عێراق، 200 تەختییە و ھەموو بەشەکانی چارەسەری شێرپەنجە و دەستنیشانکردنی لە سەرەتای نەخۆشیەکە تاوەکو چارەسەری تێدایە، ھەرچەندە ئێستاش ھەموو بەشەکان ھەنە، بەڵام بەتەواوبوونی ئەو نەخۆشخانەیە کە بەستانداردی جیھانی دروست کراوە دەچینە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو.