پڕۆژە پێشنیازێكی نوێیە
هەوڵێک هەیە حکومەتی ئەمریکا نێردەیەکی تایبەت بە پرسی کورد دابنێت
فەرهاد حەسەن
لێكۆڵەرێكی دیار رایگەیاند، لە ئیدارەی ترەمپ هەوڵێك لە ئارادایە نێردەیەكی تایبەت بە پرسی كورد دابندرێت.
د. سەردار عەزیز لێكۆڵەری دیار لە بواری فكری سیاسی لە فەیسبووكی خۆی بڵاویکردووەتەوە، لە ئیدارەی ترەمپ نێردەیەك تایبەت بە دۆزی كورد لە ناوچەكە دادەنرێت.
نووسیونەتی “هەوڵێك لە ئارادایە بۆ ئەوەی حكومەتی ئەمەریكی نێردەیەكی تایبەتی هەبێت بۆ كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
باسی لەوەشكردووە، وەك ئاگاداربێت ئەم پرسە بە لینزی گراهامی کۆنگرێسمانیش گەیەندراوە.
ناوبراو هیوادارە هەر كەسێك دەتوانێت پشتیوان بێت درێغی نەكات، چونكە ئەگەر ببێت، هەنگاوێكی گرنگە لە رووی دانپیانان و باشتركردنی پەیوەندی و لە سەرووی هەموویەوە تێگەیشتن لە پرسی كورد.
ئەوەی ئەم بابەتەی لە ئەمریکا باسکردووە، مایكڵ سكادن پسپۆڕی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانم کە لە رێگەی پڕۆژە پێشنیازێكی نوێی ئاراستەی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریكای كردووە، تێیدا داوای دامەزراندنی بەپەلەی “نێردەی تایبەتیی ئەمەریكا بۆ كاروباری كورد” دەكات.
ئەم دەستپێشخەرییەی سكادن، كە لەژێر ناونیشانی “پێشنیازی بەپەلە” بڵاو كراوتەوە، جەخت لەسەر پێویستیی هەماهەنگییەكی باڵاتر دەكاتەوە لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و گەلی كورد لە سەرانسەری عێراق، سووریا، توركیا و ئێران.