هەمووى لەعابەى منداڵ و بۆن بووە
ئاگرەکەى کەلار کۆنتڕۆڵکرا
964+
میلاد جەلال- کەلار
دواى یەک کاتژمێرو نیو لە کەوتنەوەى ئاگر لە کۆگایەکى ناوبازاڕى کەلار، تیمەکانى بەرگرى شارستانى ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکرد.
ئیبراهیم محەمەد، وتەبێژى بەرگرى شارستانى گەرمیان بە 964ـى وت،”کاتژمێر 4:30 خولەک ئاگادارکراینەوە و هەرزوو تیمەکانمان دەرچوون، لە کاتژمێر 6ـى ئێوارە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا”.
وەک باسى دەکات، ئاگرەکە لە کۆگایەکى لەعابەى منداڵان و بۆن و پلاستیک کەوتووەتەوە کە یارمەتیدەربوون بۆ تەشەنەکردنى ئاگرەکە.
لە کوژاندنەوەى ئاگرەکەدا، چوار بنکەى بەرگرى شارستانى و پێنج تیم بەشداربوون.
جەختیش دەکاتەوە کە ئاگرەکە 100% کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام لەبەر مەترسى سەرهەڵدانەوەى تیمەکانیان لەوێ دەمێننەوە و چاودێرى دەکەن.
لەبارەى هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە، ئیبراهیم محەمەد وتى،”تائێستا نازانین هۆکارى ئاگرەکە چى بووە و دواتر لە لێکۆڵینەوەکان دەردەکەوێت”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح