"رێگەنادەین یەک بست لەزەویەکانمان داگیربکرێت"
جارێکی تر سوپای عێراق چووەسەر زەویەکانی هەفتەغار
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
جارێکی تر ژمارەیەک جوتیاری عەرەبی ھاوردە لەگەڵ هێزێکی سەربازی چوونەتە سەر زەویوزاری ئاوایی مەنسور لەناوچەی هەفتەغاری سنووری نێوان خورماتوو بۆ داقوق و دەیانەوێت زەویوزاری جوتیارانی کوردی ناوچەکە داگیربکەن و جوتیارانی کوردی ناوچەکەش رێگە نادەن و رووبەرویان بوونەتەوە.
مەحەمەد ئیبراهیم، موختاری گوندی مەنسور لەناچەی هەفتەغار بە964ـی وت، ئێوارەی ئەمڕۆ پینچشەممە 23.10.2025 ژمارەیەک جوتیاری عەرەبی هاوردە بەپشتیوانی هێزێکی سوپای عێراق، هاتوونەتە سەر زەویوزارەکانمان، بەمەبەستی دیاریکردن و کێڵانی زەویەکان، هەرچەندە لەلایەن ژمارەیەک لەگەنجەکانمانەوە رێگری لەهەوڵەکانیان کرا، بەڵام لەلایەن سەربازەکانەوە لەچەند گەنجێک دراوەو سەرجەمیانیان دورخرخستەوە لەشوێنەکە.
وتیشی، لەئێستادا لەگەڵ ژمارەیەک لە جوتیاری گوندەکەیانەوە چوونەتە لای بارەگای فەوجێکی سوپای عێراق کە نزیکە لەگوندەکە، بۆ ئەوەی سەربازەکان بکشێننەوە پێش ئەوەی گرژی دروست بێت.
ئاماژەی بەوشکرد، ئەو زەویانەیان 1200دۆنمە و موڵکی باوباپیرانیانە و تاپۆیان هەیە، بەڵام عەرەبی هاوردە، ژێربەژێر بەڵگەو نوسراوی دادوەریان هێناوەو دەیانەوێت بەشێک لەو زەویانەیان لێ داگیربکەن، بەڵام ئەوان بەهیچ شێوەیەک سازش لەیەک بست لەزەویەکانیان ناکەن و زەوی خۆیانە.
پێداچوونەوە: تونا نەقی