"با ناسینەوەیان بۆ بکرێت و بگەڕێندرێنەوە ناوچەکەی خۆمان"
کەسوکاری ئەنفالکراوانی کۆیە لە پڕۆسەی گەڕاندنەوەی روفاتەکان ناڕازین
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
نوێنەری کەسوکاری ئەنفالکراوانی هەردوو قەزای کۆیە و تەقتەق دژی پڕۆسەی هێنانەوەی 153 روفاتی ئەنفالکراوانن بۆ ناوچەیەکی دیاریکراوی کوردستان و داوا دەکەن پشکنین بۆ روفاتەکان بکرێت و بناسرێنەوە، دواتر هەر روفاتەو ببرێتەوە ناوچەکەی خۆی.
فواد قادر تاقانەی ئەنفال بە 964ـی وت، “ئێستا 153 روفات لە پزیشکی دادیی بەغدادن، داواکراوە بۆ ئەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی تر هەڵدرێتەوە، روفاتەکان لە شوێنێکی تر بەخاک بسپێردڕین و هەوڵیش هەیە ببرێنە چەمچەماڵ، ئێمەش دژی ئەو کارەین و بە دووبارە ئەنفالکردنەوەی کەسوکارمانی دەزانین”.
وتیشی، “پێویستە فشار لە هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق بکرێت، تاوەکو پشکنین و ناسینەوە بۆ روفاتەکان بکرێت، نەک بە هەڕەمەکی گۆڕی ئەنفالکراوێکی گەرمیان بهێندرێتە کۆیە و هی کۆیەش ببرێتە چەمچەماڵ”.
سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندی کرد بە تاڤگە حەمەصاڵح بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کۆیە، ئەو وتی، کەسوکاری ئەنفالکراوان مافی خۆیانە داوا بکەن روفاتەکان بناسرێنەوە، چونکە ئەگەر بەمشێوەیە روفات بگەڕێندرێتەوە و لە ناوچەیەکی دیارکراو بەخاک بسپێردرێن، ئەوکات ناکۆکی لەنێوان ناوچەکانیش دروست دەبێت.
پێشتر 172 روفاتی ئەنفالکراو گەڕێندرانەوە کوردستان و لە مۆنۆمێنتی ئەنفالی چەمچەماڵ بەخاکسپێردران، ئێستا و بۆ ئەم روفاتانەی تر، کەسوکاری ئەنفالکراوانی کۆیە دەیانەوێت نەبرێنە هیچ ناوچەیەکی تری کوردستان و پشکنین و ناسینەوەیان بۆ بکرێت، چونکە لە سنوری کۆیەش نزیکەی هەزار کەسی ئەنفالکراو هەیە و چاویان لە گەڕانەوەی روفاتی ئازیزانیانە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری