"مۆر و لۆگۆی خۆیانیان لێداوە و ویستوویانە بە هاوڵاتیانی بفرۆشنەوە"
لە کارگەیەکی هەولێر 19 تۆن زەیتی زەیتوونی ساختە دەستی بەسەرداگیرا
شۆڕش قادری
لە کۆگایەکی هەولێر زەیتی ئاساییان بە تێکەڵکردنی هەندێک کەرەستەی تر گۆڕیوە بۆ زەیتی زەیتوون، ئاسایش دای بەسەریاندا، دوو تۆمەتباری دەستگیر کرد و دەستیشی گرت بەسەر 19 تۆن زەیتی زەیتوونی ساختەدا.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “دوای ئەنجامدانی بەدواداچون لە لایەن تیمی ئابوری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، بەهەماهەنگی لیژنەکانی قایمقامێتی قەزای ناوەندی هەولێر و چاودێری بازرگانی، دەستمانگرت بەسەر کۆگایەکدا کە بڕی 19 تۆن رۆنی زەیتی خۆراکی تێدابوو”.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەو کارگەیە بەبێ هەبوونی هيچ مۆڵەتێکی کارکردن و بەدوور لە رێنمایە تەندروستی و خۆراکییەکان، بەشێوەی ساختەکاری و بەتێکەڵ کردنی بۆن و رەنگ، هەڵساون بە گۆڕینی رۆنی زەیتی ئاسایی بۆ زەیتی زەیتون، دواتر بەروار و لۆگۆی تایبەت بەخۆیانیان لێداوە، تاکو لە بازاڕەکان بە هاوڵاتیانی بفرۆشن.
بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، دوو تۆمەتبار دەستگیر کراون و رێکاری یاسایی بەرامبەریان گیراوەتەبەر.