"كه‌سێك نه‌چوو وه‌كو شایه‌تحاڵ به‌سه‌رهاته‌كانى تۆماربكات "
كۆچی دوایی “پورە شه‌وكه‌ت” ره‌خنه‌ى توندى رووبه‌ڕووى حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى شه‌هیدان كرده‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
پوره شه‌وكه‌وت، كه خۆى زیندانیكراوێكی قه‌ڵاى نوگره سه‌لمان بوو، 23 كه‌سی نزیكیشی ئه‌نفالكرابوون، ئه‌مڕۆ كۆچی دوایی كرد، ئه‌مه‌ش ره‌خنه‌ى توندى بۆ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى شه‌هیدان به‌دوای خۆیدا هێنا.
پوره شەوکەت، ناوی تەواوی شەوکەت جەوهەر، لەدایکبووی 1917 خه‌ڵكی گوندى قەڵاچەرمەڵەى ناوچەی داودەى گەرمیان بوو و له ته‌مه‌نى 108 ساڵى كۆچی دوایی كرد.
هابیل حاجى ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى مۆنۆمێنتى ئه‌نفال له چه‌مچه‌ماڵ به 964ـى وت، كۆچی دوایی ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ى ئه‌نفال به‌مشێوه‌یه، زیانێكی زۆرى بۆ پرۆسه‌ى ئه‌نفال هه‌بوو، چونكه تاوه‌كو كۆچی دوایی كرد، هیچ لایه‌نێكی فه‌رمى نه‌چوو به‌لایه‌وه، به‌سه‌رهات و ئازاره‌كانى به دیكۆمێنت بكات.
وتیشی “ئه‌وانه‌ى له‌و ته‌مه‌نه ماونه‌ته‌وه ژماره‌یان زۆر كه‌مه و به په‌نجه‌ى ده‌ست ده‌ژمێردرێن، جگه له مانگانه‌یه‌كی دیاریكراو كه وه‌كو ئه‌نفالكراوێك بۆیان دابینكراوه، حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى شه‌هیدان هیچی دیكه‌ى بۆ نه‌كردوون”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كارى حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى شه‌هیدانه ئه‌م جۆره كه‌سایه‌تیانه به‌سه‌ربكاته‌وه و له‌رێگه‌ى ئه‌نجامدانى چاوپێكه‌وتنى ڤیدیۆى وه‌كو شایه‌تحاڵێك، به‌سه‌رهات و چیرۆكه‌كانیان به دیكۆمێنت تۆمار بكات.
ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌شیان ئاڕاسته ده‌كات، كه تاوه‌كو میمكه شه‌كه‌وت له ژیاندا بوو، نه ژیانێكی سایشته‌ى بۆ دابین كرابوو، نه له‌رووى ته‌ندروستیشه‌وه وه‌كو پێویست چاودێری كراوه “كه له‌راستیدا ده‌بوایه شایسته‌ترین ژیانی بۆ دابین بكرێت”.
پێشتر، تەحسین حەمید، بەرپرسی رێکخراوی ئاسۆی زیندانیانی ئەنفال، بە 964ـی وتبوو، پوره شەوکەت کە بە دایکى ئەنفال ناسرابوو، یەکێک بووە لەزیندانیانى نوگرەسەلمان و زیاتر لە شەش مانگ زیندانی بووە و شایەتحاڵی رووداوە ترژیدییەکانى نێو زیندانى نوگرە سەلمان بووە.
دایکى ئەنفال؛ دوایى ساڵانێک چاوەڕوانى لە تەمەنى 108 ساڵیدا کۆچى دوایى کرد