دەیانەوێت بە نەمام چاندن کاریگەریەکانی وشکەساڵی کەم بکەنەوە
18 خوێندکار خەمی سەوزکردنی گوندەکانی گەرمیانیانە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
15 کچ و سێ کوڕی بەشی پرۆژە کشتوکاڵیەکانی پەیمانگەی تەکنیکی کەلار، لە ساڵی رابردوو نزیکەی شەش ھەزار نەمامیان لە پەیمانگاکەی خۆیان چاند، ئێستا نەمامەکانیان پێگەیشتووە و دەیانبەن لە گوندەکانی گەرمیان دەیانچێنن.
عەبدوڵا حەمەنەجیب، لێپرسراوی پرۆژە کشتوکاڵیەکانی پەیمانگەی تەکنیکی کەلار بە 964ى وت،”سنووری گەرمیان کاریگەری گۆڕانکاری کەشوھەوای زیاتر لەسەرە، دەمانەوێت بە نەمام چاندن کاریگەریەکانی وشکەساڵی کەمتر بکەینەوە”.
“لە کۆتایی ساڵی 2024 نزیکەی شەش ھەزار نەماممان لە پەیمانگاکەمان چاند، نەمامەکان لەلایەن خوێندکارەکانەوە سەرپەرەشتی دەکران و ئێستا خۆیان دەیانبەن لە گوندەکان دەیانچێنن”، عەبدوڵا حەمەنەجیب وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، نەمامەکان لە جۆری ئەکاسیان، ئەو جۆرە نەمامە بۆ ژینگەی سنوورەکە گونجاوە، پلانیان ھەیە بۆ ساڵی داھاتوو شەش ھەزار نەمامی دیکەش بەرھەمبھێنن.
شێنێ جەلیل، یەکێکە لەو خوێندکارانەی بەشدار بە 964ـى وت، ”ئەمرۆ بەشێک لە نەمامەکانمان ھێناوە بۆ یەکێک لە گوندەکانی سنوورەکە، چونکە بەشێک لە گوندەکان رێژەی سەوزاییان کەمە و دەیانەوێت خزمەتی زیاتر بە گوندەکان بکەن”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر