"ئارد، شەکر، پەلکەنانی دەکڕین"
باوکێکی ماندوو: پارچە نانێکم هەبێت لەگەڵ منداڵەکانم بەشی دەکەم
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
بۆ پەیداکردنی پارووە نانێک کۆڵان بە کۆڵان پاڵ بە عەرەبانەوە دەنێن، بۆ کۆکردنەوەی پەلکەنان و هەندێک پێداویستی تر، تا ئێوارە بە دەستی بەتاڵ نەچنەوە ناو خێزانەکانیان.
پەیامنێرە چالاکەکەی پڕۆگرامی قوڕگی شێری 964، ئەمجارەیان تاک شەڕواڵێکی کوردانەی پۆشیوە لەگەڵ تیشێرتێک، هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ مام تۆفیق شانی داوەتە بەر کۆکردنەوەی پەلکە نان و کۆڵان بە کۆڵان بانگەشە بۆ ئیشەکەیان دەکەن و هاوار دەکەن و دەڵێن،ئاردی دەکڕین، شەکری دەکڕین، پەلکە نانی دەکڕین.
لە نیوەی رێگا مام تۆفیق بە ئەحمەد شەمزین دەڵێت، ئەمە هێشتا سەرەتایە و بنکەی ماوە، لە هەندێک شوێن بەرز و نزمی رێگاکە، وادەکات بە زەحمەت عەرەبانەکە سەربخەن یان بیخەنە خوارەوە، هەندێک لە ماڵانیش پەلکە نانەکەیان بە دەرگای ماڵەکانیانەوە هەڵواسیوە و بەشێکیشیان پێت دەفرۆشن، نرخی 10 کیلۆ پەلکە نانیش سێ هەزار دینارە.
مەودایەکی دورو درێژ دەبڕن و بەرهەمێکی کەم، مام تۆفیق کە نزیکەی 8 ساڵ ئەو کارە دەکات و خاوەنی خێزانە و منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتیشی هەیە و دەڵێت، ئەمن پارچە نانێکم هەبێت لەگەڵ منداڵەکانم بەشی دەکەم.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح