له‌وه‌ته‌ى هه‌ریر ئاوەدانه برنجه‌كه‌شی هه‌یه
برنجه به‌ناوبانگه‌كه‌ى ده‌شتى هه‌ریر و باتاس ده‌كرێته فێستڤاڵێكی ساڵانه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له قه‌زاى هه‌ریر ئاماده‌كارى ده‌كرێت بۆ رێكخستنى فێستڤاڵێكى تایبه‌ت به برنجه به‌ناوبانگه‌كه‌ى دەشتى هه‌ریر و باتاس، له ئێستاوه داوا له جوتیارانى به‌رهه‌مهێنه‌رى برنج ده‌كه‌ن په‌یوه‌ندی به لیژنه‌ى فێستڤاڵه‌كه‌وه بكه‌ن بۆ به‌شداریكردنیان.
هه‌ریر، مێژوویه‌كی دوور و درێژى له ئاوه‌دانبوونه‌وه هه‌یه، ساڵى 1617 كاتێك خانزادى میری سۆران ده‌سه‌ڵاتى گرتووه‌ته ده‌ست ماوه‌ى 22 ساڵ له‌وێ ژیاوه، لە سەدەی 17 ھەمیشدا وەک بەشێک لە کوردستان لەلایەن ئەولیا چەلەبی ناوی ھاتووە، وه‌كو شارۆچکە لە ساڵی 1920 لەلایەن پەنابەرە ئاشوورییەکانەوە ئاوەدانکراوه‌تەوە و رۆژى 1.1.1923 لە سەردەمی رژێمی پاشایەتی له عێراق كراوه‌ته ناحیه، له 25.2.2024 یش له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه كرایه قەزا.
فه‌ریق حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شی كشتو‌كاڵى هه‌ریر به 964ـى وت له‌وه‌ته‌ى هه‌ریر ئاوه‌دانه برنجیشی لێ به‌رهه‌م هاتووە، بۆیه به‌پێویستیان زانى له فێستڤاڵێك زیاتر برنجه‌كه‌یان ناودار بكه‌ن و بازاڕێكى نوێی بۆ بدۆزنه‌وه.
وتیشی “رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى داهاتوو 23.10.2025 فێستڤاڵه‌كه ده‌ستپێده‌كات و ماوه‌ى سێ رۆژ ده‌خایه‌نێت”.
فێستڤاڵه‌كه ده‌بێته یه‌كه‌مجار و له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مى برنج، به‌رهه‌مه خۆماڵییه‌كانى دیكه‌ى ئه‌م سنووره‌ش نمایش ده‌كرێن.
به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵ، ساڵانه هه‌ردوو جۆره تایبه‌ته‌كه‌ى برنج “سه‌دری و كوردی” له ده‌شتى هه‌ریر و باتاس به‌رهه‌مده‌هێندرێن، ئه‌مساڵ به‌هۆى كه‌مبارنییه‌وه ته‌نیا 400 دۆنم داچێندرابوو، له‌كاتێكدا ساڵانى رابردوو زۆر له‌و رێژه‌یه زه‌وى به‌م به‌رهه‌مه چێندراوه.