لە سنووری پێنجوێن

چوار تەوربەدەست بە پێکابێک داری تەڕەوە دەستگیر کران

شۆڕش قادری

لە سنووری گوندی بادەلانـی سەربە قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، چوار تەوربەدەست بە پیکابێک داری تەڕ و جوانەوە دەستگیر کران.

“مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمك بە سەرپەرشتی ئەفسەری بنکە، توانیان چوار هاوڵاتی لە سنوری گوندی بادەلان دەستگیر بکەن کە هەستابوون بە بڕینی ژمارەیەك داری سروشتی”، هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وای بە 964 وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی دەستگیر کردنی ئەو چوار کەسە، دەستگیراوە بە سەر پیکابێکی فول لە داری بڕاوە، مشارێک و دوو تەوردا.

پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و ڕادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی.

بەقسەی کەمەرخان، هەر لەم مانگەدا شەش کەسیان لەسەر داربڕین دەستگیر کردووە و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا کردوون.