شاندەکەی باکووری کوردستان سەردانی ناو بازاڕی هەولێریان کرد
شاندێكی شرناخ و جزیرە لە هەولێرن
باس لە باشتركردنی بازرگانی و دەروازە سنوورییەكانی نێوان كوردستان و توركیا كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پارێزگار و شاندێكی بازرگانیی شرناخ و سەرۆكی ژووری بازرگانی چەند شارێكی باكووری كوردستان لە هەولێرن، هاوكات پارێزگاری هەولێریش بانگهێشتی سەردانێك بۆ شەرناخ كرا.
شاندەكە ئەمڕۆ دووشەممە 13.10.2025 گەیشتنە هەولێر، كە پێكهاتوون لە بیرۆل ئێکێچی، پارێزگاری شرناخ، محەمەد یارکا، سەرۆکی شارەوانیی شرناخ، عوسمان گێلیش، سەرۆکی ژووری بازرگانی شرناخ ، عومەر فاروق یلدرم، سەرۆکی ژووری بازرگانی جزیرە.
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای كرد، شاندەكە لەسەر بانگهێشتی پارێزگاری هەولێر سەردانی هەولێریان كردووە، لە كۆبوونەوەیەكیشدا لە دیوانی پارێزگا، كە ئێرمان تۆپچوو کونسوڵی گشتیی نوێى تورکیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، جەختیان لە پتەوکردنى پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا و ئاسانکاری زیاتر بۆ بازرگانان و هاوڵاتیان كردەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، وەك لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە بارەی هەرسێ دەروازەی نێودەوڵەتیی ئێبراهیم خەلیل، سەرزێڕ و زێت گفتوگۆ كرا، کە گرنگی و بەھای ئابووری و بازرگانی و گەشتیارى زۆر بۆ كوردستان و توركیا هەیە و پارێزگای هەولێر هەموو ئاسانکارى و هاریکارییەکى لەپێناو چالاكتركردنی دەروازەكان لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە خستەڕوو.
“لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، گفتوگۆ لە بارەی بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییە زانستییەكانی نێوان زانكۆكانی شرناخ و هەولێری پایتەخت و پێشكەشكردنی ئاسانكاری بۆ خوێندنی قوتابیانی هەردوولا لە زانكۆكان كرا و بەپێویستیان زانی پەیوەندییەكانی نێوان زانكۆكان هەنگاوی باشتر و بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینی، ئینجا پارێزگاری شرناخ، بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو پارێزگا، بە فەرمى بانگهێشتی پارێزگارى هەولێری کرد بۆ سەردانیکردنى شارەكەیان و لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر بە سوپاسەوە بانگهێشتەکەی قبوڵ کرد”، لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە.
هاوكات هەر ئەمڕۆ ئێوارە شاندەكەی باكووری كوردستان سەردانی ناو شار و بازاڕی قەیسەریی هەولێریان كرد.