لەم مانگە تیروپشک دەکرێت
ئەوەی حەجی کردبێت ناتوانێت دووبارە بچێتەوە حەج
964+
دەشتی عارف
بۆ حەجی ئەمساڵ هەر کەسێک حەجی کردبێت دووبارە ناوی ناچێتەوە ناو تیروپشک و بێ بەش دەبێت لە حەج، تەنیا بەیەک مەرج ناوی دەچێتەوە ناو تیروپشک ئەویش دەبێت لەگەڵ دایک یان خێزان یان خوشکی بییەوێت بچێتە حەج.
کاروان ستونی، وتەبێژی دەستەی حەج و عومەر، بە964ـی وت، رۆژانە لەکاتی وردبینی هەموو ئەو ناوانە دەردەهێنن کە پێشوتر سەفەری حەجیان کردووە، چونکە دەیانەوێت ئەو کەسانەی کە سەفەری حەجیان نەکردووە هەلی دەرچوونیان زیاتر بێت، بۆیە هەموو ئەو ناوانە دەردەهێنن تەنانەت مامۆستایانی ئاینییش ئەگەر سەفەری حەجیان کردبێت ناویان دەردەهێنرێت.
وتیشی، بۆ ئەمساڵ بەشی هەرێمی کوردستان بۆ چوونە حەج پێنج هەزار و 135 کەسن، هەروەها لە تەمەنی 18ساڵییەوە مافی ناو نوسینی هەیە تاوەکو تەمەنی 70ساڵی، ئەوانەشی تەمەنیان سەروو 70 ساڵ بێت دەبێت لە %6ـی کۆی حاجیان پێک بهێنن.
وردبینی ناوی حاجیان بەردەوامە و بەشی نزیکەی 50 هەزار ناو تەواو بووە و بەشیک لەو ناوانەش زانیارییەکانیان هەڵەی تیادا بوو ئاگادار کرانەوە کە راستی بکنەوە و چاوەڕێ دەکرێت کۆتایی ئەم مانگە تیروپشک ئەنجام بدرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی