"رۆڵی دەبێت لە چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوە"

گرێبەستی پڕۆژەی ئاوی دوكان – سلێمانی 3 لە هەولێر واژوو كرا

شۆڕش قادری

گرێبەستی پڕۆژەی ئاوی دوكان – سلێمانی 3 لە هەولێری پایتەخت واژوو کرا کە بە تێچووی 423 ملیۆن و 890 هەزار دۆلار و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت، بەقسەی کاربەدەستان، رۆڵی گەورەی دەبێت لە چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەی شارە حەیاتەکە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 12.10.2025 و لە رێوڕەسمێکدا گرێبەستی ئەو پڕۆژەیە لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم و كۆمپانیای هابیكا واژوو کرا.

لە رێوڕەسمەکەدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پرۆژەکەی بە پرۆژەیەكی گەورە و ستراتیژی و درێژمەودا وەسفکرد و وتی، رۆڵی گەورەی دەبێت لە چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی و بەشێك لە ناوچەكانی دەورووبەری.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پڕۆژەكە لە چەندین بەشی گرنگ پێكدێت، وەك، بەشی وەرگری ئاو لەسەر زێی بچووك و وێستگەی خاوێنكردنەوەی ئاو بە توانای 480 هەزار مەتر سێجا لە رۆژێكدا كە بڕیارە لە قۆناغی یەكەمدا 240 هەزار مەتر سێجای لێ جێبەجێ بكرێت، هەروەها دوو وێستگەی ناوەندی پاڵنان و بەرزكردنەوەی ئاو و دوو هێڵی سەرەكیی گواستنەوەی ئاو لە دوكان بۆ سلێمانی بە تیرەی 1400ملم بە درێژی 112 كلم، لەگەڵ هێڵی كارەبا، كە كوالێتیی ئاوی بەرهەمهاتوو لە بەرزترین ئاست دەبێت و بەپێی ستانداردی عێراقی و جیهانی دەبێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هیچ ئاماژەیەکی بە کاتی دەستپێکردنی پڕۆژەکە و کاتی تەواوبوونی نەکردووە.

هاوینی ئەمساڵ دانیشتووانی سلێمانی رووبەڕووی کەمی ئاوی خواردنەوە بوونەوە و چەندین جاریش گردبوونەوە و ناڕەزایی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڕێوەچوو.