پلەی ئۆفی گەیشتن بە مۆندیالی 2026
ئەمشەو عێراق تەنیا بردنەوە بە كەڵكی دێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 10:30ی شەو، یەکەم یاری خۆی لە پلەی ئۆفی پاڵاوتنەكانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 ئەنجام دەدات، کە لە ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.
عێراق لە یاریگەی ئەلئینما لە شاری وەرزشی مەلیك عەبدوڵڵا لە جەددە رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیندۆیسیا دەبێتەوە.
هەڵبژاردەی عێراق ئامانجی بەدەستهێنانی بردنەوە و سێ خاڵە، جگە لەوە هیچی تر بە كەڵكی نایەت، چونكە لە كۆمەڵەی دووەمدا، كە سعودیەیشیان لەگەڵدایە، لە یاریی یەكەمدا سعودیە بە 3-2 گۆڵ لە ئیندۆنیسیای بردەوە.
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەدا دوێنێ ڕایگەیاند، سەرجەم یاریزانەکان 100% بۆ یارییەکە ئامادەن.
لای خۆیەوە پاتریک کلویڤێرتی هۆڵەندی، راهێنەری ئیندۆنیسیا رایگەیاند، تیپەکەی ئامادەیە رووبەڕووی عێراق ببێتەوە.
لە پێكهاتەی عێراقدا ژمارەیەك یاریزانی كورد یاریی دەكەن و راهێنەر پشتیان پێدەبەستێت، لەوانە شێركۆ كەریم، ئاكام هاشم، مێرخاس دۆسكی، یوسف ئەمین و ئوسامە رەشید و ئەوانی تر.
بەپێی سیستمی پاڵاوتنەكان، ئەو تیپەكەی لە كۆمەڵەی یەكەم، پلەی یەكەم بەدەست دەهێنێت، راستەوخۆ بۆ مۆندیال سەردەكەوێت، تیپی پلەی دووەمیش لە 13 و 18ی مانگی داهاتوو دوو یاریی چوون و گەڕانەوە بەرامبەر تیپی دووەمی كۆمەڵەی یەكەم دەكات و دواتر سەردەكەوێت بۆ یاریی پاشكۆی ئۆقیانوس.
كۆمەڵەی دووەمیش لای خۆیانەوە ركابەریی دەكەن و پێكهاتوون لە هەڵبژاردەكانی قەتەڕ، ئیمارات و عومان.