لەبارەی دیدارەکەی بارزانی و ئەردۆغان چی دەڵێ؟

پاێزگاری سلێمانی چاوەرێ بووە زووتر گەشتەکان بۆ تورکیا دەستپێ بکاتەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

پارێزگاری سلێمانی لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی تورکیا بۆ سلێمانی دەڵێ، ئەوان خۆیان بۆ 3.10.2025 ئامادەکردبوو لە کاتێکدا هەواڵی ئەوە هات ماوەی ئابڵوقە درێژکراوەتەوە.

ئەوە قسانەی پارێزگار لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ 9.10.2025 لە کۆبووونەوەی نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردؤغان بڕیاری کۆتایهێنان بە ئابڵوقەکە دراوە.

پارێزگار لە فەیسبووکی خۆی نوسیوویەتی، لە دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەم بابەتە بە پشتیوانیکردنی گشت هەوڵەکانی پێشووی هەموو دڵسۆزان و بەداکۆکیکردن و داواکاریی مکوڕانەی نێچیرڤان بارزانی خرایەوە بەر باس و بەسوپاسەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، بڕیاری لابردنی ئابڵوقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دا.

ئێستا چاوەڕوانی گەیشتنی نامەی ئەلکترۆنیی دەسەڵاتیی فڕۆکەوانیی تورکیا (نۆ تام) بۆ دەسەڵاتی فڕکەوانیی عیراقی فیدراڵ دەکرێ کە بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی وا دەڵێت.

یەکەم جار کە شەش مانگ داخرابوو، بڕیار وابوو 22.12.2023 قەدەغەی ئاسمانی سلێمانی بۆ تورکیا هەڵبگیرێت، بەڵام پێچەوانەکەی روویدا و تا 22.6.2024 قەدەغەکە لەلایەن تورکیاوە درێژکرایەوە بۆ جاری دووەم تا 7.12.2024 قەدەغە درێژکرایەوە و ئەم مانگەش بۆ سەرەتای ساڵی 2026 درێژکرایەوە.

پێشتر، لە مانگی حەوتی ساڵی 2024، هەندرێن هیوا بەڕێوەبەری پێشوو فڕۆکەخانەی سلێمانی بە 964ـى وت، لە ماوەی راگرتنی گەشتەکانی نێوان تورکیا و سلێمانی 35% گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی وەستاون، هەروەک لە ماوەى 14 مانگى وەستانى گەشتەکاندا “ئەوکات”، نزیکەى 10 ملیۆن دۆلار زیان بەر فڕۆکەخانەى سلێمانى گەیشتووە.

لەگەڵ ئەو هەوڵ و لێکتێگەیشتنە بەردەوامانەی ماوەکانی ڕابردودا؛ پەیوەست بە کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و، دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکشئێرلاین، لە ئارادابوون و بڕیاربوو ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە ئابڵوقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەڵبگیرێت و، کۆمپانیاو دامەزراوە گەشتیاریی و فڕۆکەوانییەکان ڕاسپێردرابوون خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان ئامادەبکەن، بەڵام لەو ڕۆژەدا چاوڕواننەکراوانە ماوەی ئابڵوقەکە درێژکرایەوە.
ئەمڕۆ، لە دیداری بەڕێزان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری تورکیادا، ئەم بابەتە؛ بە پشتیوانیکردنی گشت هەوڵەکانی پێشووی هەموو دڵسۆزان و بەداکۆکیکردن و داواکاریی مکوڕانەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، خرایەوە بەر باس و بەسوپاسەوە بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاری لابردنی ئابڵوقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دا، لە ئێستادا چاوەڕوانی گەیشتنی نامەی ئەلکترۆنیی دەسەڵاتیی فڕۆکەوانیی تورکیا (نۆ تام)؛ بۆ دەسەڵاتی فڕکەوانیی عیراقی فیدراڵ و بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.
لێرەوە بە ناوی پارێزگای سلێمانییەوە سوپاسی هەموو هەوڵەکانی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەوڵەتی تورکیاو تەواوی ئەو دڵسۆزانە دەکەین کە لە ئێستاو ڕابردودا لە هەوڵی بەردەوامدابوون بۆ کۆتایهێنان بە ئابڵوقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥