"پردێکمان بۆ دروست بکەن"
دانیشتووانی ناحیەی تازە سایدێکی رێگەی کەرکوک بۆ بەغدایان داخستووە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بەهۆی زۆری رووداوی هاتوچۆوە، دانیشتووانی ناحیەی تازە رێگای سەرەکی نێوان کەرکوک بۆ بەغدا – یان داخست، ئەوان داوا دەکەن تاسەی دەستکرد دروستبکرێت و هێماکانی هاتوچۆ دابنرێت.
داوای دروستکردنی پردێکی سێ ئاڕاستەیش دەکەن.
ئەحمەد جاهد، دانیشتووی ناحیەی تازە بە 964ـی وت، بەهۆی زۆری رووداوی هاتوچۆوە شەقامی سەرەکی نێوان کەرکوک بۆ بەغدا بەهەردوو ئاڕاستە بووە، بە شەقامی مەرگ بۆ خەڵکی ناحیەی تازە و دەوربەری، داوا دەکەین تاسەی دەستکرد لە هەردوو شەقامەکە دروست بکرێت.
هەرەها قەپانی ناو بازگەکە دوور بخرێتەوە لە سنوری ناحیەکە، کە بووەتە هۆی قەرەباڵغی و دروستبوونی رووداوی هاتوچۆ، لە ئێستادا خێوەتمان هەڵداوە و تەنیا یەک سایدی ئەو رێگە سەرەکییەکەمان داخستووە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرمەد بەیاتلی دانیشتووی تازە بە 964ـی وت، ئەمساڵ نزیکە هەشت هاوڵاتی دانیشتووی تازە، بەهۆی رووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەستداوە، داواکارین هێماکانی هاتوچۆ دابنرێت لە شەقامەکان و هەروەها پردێک دروستبکرێت لە شەقامی سەرەکی نێوان کەرکوک بۆ بەغدا، وە بۆ ناو ناحیەی تازە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا