دۆناڵد ترەمپ:

“لە چەند رۆژی داهاتوو كێشەی بارمتە ئیسرائیلییەكان كۆتایی دێت”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، نامەیەکی ئاراستەی دەستەی خێزانی بارمتە ئیسرائیلییەکان کرد و “هاوسۆزی” خۆی دەربڕی و ئیرادەی خۆی دووپاتکردەوە بۆ کارکردن بۆ گەڕانەوەی هەموو دیلەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە لە چەند رۆژی داهاتوودا.

ترەمپ ئەمڕۆ سێشەممە 7.10.2025 لە نامەکەیدا کە بەناوی ترەمپ و مێلانیای هاوسەرییەوە نێردراوە، سوپاسی دەستەی خێزانەکان دەكات بۆ پشتگیرییەكەیان لە سەرۆکی ئەمریکا، كە داوایان كردووە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبدرێت، وەک رێزلێنانێک بۆ “سووربوونی لەسەر بەدیهێنانی ئاشتی” لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دوێنێ دووشەممە، دەستەی خێزانی بارمتە ئیسرائیلییەكان نامەیەکیان بۆ لیژنەی نۆبڵی نەرویج نارد و تێیدا هاتبوو کە ترەمپ “ئەوەی مەحاڵە دەیكاتە مومکین”، داواشیان كرد خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە سەرۆكی ئەمریكا بدرێت.

دۆناڵد ترەمپ لە نامەکەیدا بۆ خێزانە ئیسرائیلییەكان دەڵێت، “تکایە ئەوە بزانن ئێمە بەردەوام پابەندین بە کۆتاییهێنان بەم ململانێیە و کۆتاییهێنان بە شەپۆلەکانی دژە جوولەکەگەرایی، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە”.

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دوعا دەکەین لە رۆژانی داهاتوودا ئەم ململانێیە کۆتایی پێبێت.

بەڵام پەیامەکەی بە وشەیەکی هەڕەشەئامێزیش کۆتایی پێهێنا و وتی: ئەگەرنا!

ترەمپ ستایشی ئەو پێشکەوتنانەشی کرد، کە لە دانوستانە بەردەوامەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە کەرتی غەززە بەدەستهاتبوو.

بەگوێرەی ماڵپەڕی هەواڵی ئەمریکی ئەکسیۆس، ترەمپ لەگەڵ تیمی باڵای ئاسایشی نیشتمانی خۆی کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی غەززە، پێش ئەوەی نوێنەرەکانی، ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، دواتر بەرەو میسر بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی بەشداری دانوستانەکانی شەرم شێخ بکەن.

قۆناغی یەكەمی پلانی ترەمپ سەبارەت بە غەززە چییە؟

قۆناغی یەكەمی پلانی ترەمپ سەبارەت بە غەززە چییە؟