رووداوە ئەمنى و سیاسییەکان تاوتوێ دەکەن
کۆبوونەوەى مەزڵوم عەبدى و ئەحمەد شەرع دەستیپێکرد
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ سێشەممە، لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی سیاسی و ئەمنی، کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و نوێنەرانی حکومەتی راگوزەر دەستیپێکرد
کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار کە لەنێوان سەرکردایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی ئینتیقالیدا واژۆ کراوە.
هۆشەنگ دەروێش، نوێنەرى ئەنجومەنى سووریاى دیموکراتە لە هەرێمى کوردستان بە 964ـى وت،”شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێکهاتووە لە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و رۆهلات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە).
ئاشکراشى کرد، شاندی حکومەتی کاتى سوریا پێکهاتوون لە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی راگوزەرى سوریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای کۆبوونەوەیەکی دوێنێ (6ـی تشرینی یەکەم) دێت کە هەریەک لە مەزڵوم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد، رۆهلات عەفرین و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، لەگەڵ شاندێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی تۆم پڕاک، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، و ئەدمیراڵ بڕاد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆبوونەوە.