ئامۆژگاریی شارەزایان:

پێش یەکەم بارانی زستان، تایەی ئۆتۆمبیلەکەت بگۆڕە

964+

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان و دەستپێکردنی بارانبارین، شارەزایانی بواری ئۆتۆمبێل جەخت لەسەر پێویستیی گۆڕینی تایەی ئۆتۆمبێل دەکەنەوە پێش هاتنی یەکەم شەپۆلی باران، بۆ خۆپاراستن لە رووداوەکانی هاتووچۆ.

وەستا عەلی عەبدوڵا، کە ماوەی بیست ساڵە لە ناوچەی پیشەسازیی بچووک لەسەر رێگای مەخموور دوکانی تایەفرۆشیی هەیە، بە 964ی راگەیاند: “داوا لە هاوڵاتیان دەکەین پێش یەکەم بارانبارین تایەکانیان بگۆڕن، چونکە ئەگەر تایەکان لووس بن و زەویش تەڕ بێت، ئەگەری خلیسکان و رووداوی هاتووچۆ زیاد دەکات.”

ئاماژەی بەوەشکرد کە زیاتر لە 50 جۆر تایە لە بازاڕدا هەن، بەڵام پڕفرۆشترینیان مارکە چینییەکانن، نرخی چوار تایەی کوالیتی چینی لە 130 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە 300 هەزار دینار.

لەلایەکی دیکەوە، وەستا ئیبراهیم محەمەد، خاوەنی دوکانی “جیهانی تایە”، بە 964ـی وت: “پێویستە شۆفێر لە رێگەی هێڵ یان نەخشەکانی سەر تایەکەوە بزانێت کە ئاخۆ تایەکەی کۆن بووە یان نا، دەبێت ماوە ماوە پشکنینیان بۆ بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە ئێکسپایەر نەبووبێت یان سیمی دەرنەهاتبێت.”

وەستا ئیبراهیم ئەوەشی خستەڕوو کە تایەی چینی زیاتر لەگەڵ کەشوهەوای کوردستاندا گونجاوە و بەگشتی بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک کاردەکات، ئەوە جگە لە گونجاوى نرخەکەى، هەروەها رێنمایی شۆفێرانی کرد کە لە کاتی کڕیندا، سەرنجی بەرواری بەرهەمهێنانی تایەکە بدەن و نوێ نەبێت نەیکڕن.

هەر باڵە خۆشەکە نا، باڵى تەیارەش دەفرۆشن

هەر باڵە خۆشەکە نا، باڵى تەیارەش دەفرۆشن