دوو ساڵە شەڕ بەردەوامە

 دوو ساڵ بەسەر هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تێپەڕی

توانا نەقی

ئەمڕۆ 7ـی ئۆکتۆبەری 2025 دوو ساڵ بەسەر ئەو هێرشەدا تێدەپەڕێت کە حەماس کرییەسەر ئیسرائیل و لەوێوە تاوەکو ئێستا ئاگری شەڕ و پێکدادانەکان گەرمبوو بە هەزاران کەسیش بوون بە قوربانی.

ئەمڕۆ سێشەممە، حەوتی ئۆکتۆبەرە و دوو ساڵ بە سەر ئەو رۆژەدا تێپەڕدەبێت کە ئیسرائیلیەکان بە دەنگی موشەک و گولـلەباران خەبەریان بووەوە.

لەو رۆژەدا بە سەدان چەکداری رێکخراوی حەماس لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی “تۆفانی ئەقسا”، هێرشیان کردە سەر چەند کۆمەڵگەیەکی جوونشین لە نزیک کەرتی غەززە و لە ئەنجامدا دەیان ئۆتۆمبێل و باڵەخانە سووتێنران و سەدان کەس کوژران و بریندار بوون، بە دەیان کەسیش بەدیل گیران، ئاگری شەڕەکەش تا ئێستا بڵێسە دەکات و نەکوژاوەتەوە.

لەدوای ئەو هێرشانەوە ئیسرائیل چەندین سەرکردەی حەماسی کردووەتەوە ئامانج و کوژراون، ئەمە جگە لەوەی غەزەی وێرانکرد و بە هەزاران کەس بێحاڵ و ماڵ بوون و بە دەیان هەزار منداڵیش بوونەتە قوربانی.

دوای دوو ساڵ ئێستا بە پلانێکی دۆناڵ ترەمپ و بە هاوکاری وڵاتانی عەرەبی ئاگربەستی غەزە راگەیەندراوە و حەماسیش رازیبوونی خۆی پێشانداوە و ماوەتەوە تەنیا رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت بە پێی بەو بەندانەی کە ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی لەسەری رێک کەوتوون.