لەسەر نوسینی کۆمێنتێک دوو رۆژە دەستگیرکراوە

964+
ئاودێر عومەر -سلێمانی
کچە چالاکوانێکی مافی ژنان، لەسەر کۆمێنتێکی فەیسبوک کە بەوتەی پۆلیسی سلێمانی قسەی نەشیاوی لەبارەی پۆلیس نوسیووە دەستگیرکراوە.

کچە چالاکوانەکە ناوی کەژاڵ مستەفایە، گوایە ئەو کۆمێنتەی نوسیویەتی لەسەر وەختی خۆنیشاندانەکانی ئێران بووە، ئەمەش دوای ئەوە هات چەند پەیجێک وێنەی کۆمێنتەکەیان بڵاوکردوەتەوە.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بەتۆڕی 964ی وت “ئەو خانمە چالاکوانەی دەستگیرکراوە، لەسەر کۆمێنتێک بووە، ئەو کاتەی خۆنیشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران سەریهەڵدا، ئەو بە کۆمێنتێک سوکایەتی بە پۆلیس کردووە”.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئەوەشی وت “ئەو خاتوونە چالاکوانە بەپێی مادەی خراپ بەکارھێنانی مۆبایل سکاڵای یاسایی لەدژی تۆمارکراوە و دوێنێ لەسەر داوای پۆلیس، بەپێی خۆی چووە بۆ بنکەی پۆلیسی سەرچنار، بەبڕیاری دادوەر لە دوێنێوە راگیراوە”.
نەقیب سەرکەوت رەتیدەکاتەوە ئەو خانمە چالاکوانە 10 رۆژ بێت دەستگیر کرابێت، ئەو دەڵێت بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دوای رێکارە یاساییەکان ئازاد بکرێت.

پێداچوونەوەی فەهمی نەبی