دیمەنی دهۆک - فۆتۆ: 964
بە بڕیاری هاتوچۆی دهۆک
بەکارهێنانی بارهەڵگر بۆ بانگەشە بەهەمووجۆرەکانیەوە قەدەغە کرا
964+
ئەحمەد مستەفا
هاتوچۆی دهۆک بەکارهێنانی بارهەڵگری بۆ بانگەشەکردن قەدەغە کرد، چەند رێنماییەکیش ئاراستەی کاندید و لایەنە سیاسییەکان دەکات و دەڵێ، هەڵواسینی پۆستەر لەسەر تابلۆکانی هاتوچۆ و داخستنی شەقامەکان قەدەغەن.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای دهۆک لە راگەیەندراوێکدا کە 964 بینیوویەتی دەڵێ، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات، کە لە کاتی بانگەشەدا پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ بن.
هاتوچۆی شارەکە چاوی لەوەیە، پێویستە پۆستەرە گەورەکان بە باشی بچەسپێندرێن بۆ ئەوەی بەهۆی بایەوە مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتیان و ئۆتۆمبێلەکان دروست نەکەن.
دەقەی رێنماییەکان:
• نابێت وێنە و پۆستەری بەربژێران بە ستوونی ترافیک و هێماکانی هاتوچۆوە هەڵبواسرێت.
• نابێت وێنەی گەورە لە نزیک فلکە و سەر شۆستەکان دابنرێت کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی بینین بۆ شۆفێران.
• پێویستە پۆستەرە گەورەکان بە باشی بچەسپێندرێن بۆ ئەوەی بەهۆی بایەوە مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتیان و ئۆتۆمبێلەکان دروست نەکەن.
• نابێت لە کاتی بانگەشەدا ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەکاربهێندرێت.
• نابێت هیچ شەقام و کۆڵانێک بگیرێت، چونکە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ، بەتایبەتی بۆ ئەمبوڵانس و حاڵەتی فریاکەوتن.
• قەدەغەیە پۆستەر بە جام و تابلۆ و دەرگای ئۆتۆمبێلەکانەوە هەڵبواسرێت.
• هەر لایەنێک ئۆتۆمبێلی بەکرێگیراو یان سلنگ بەکاربهێنێت، پێویستە پێشوەختە مۆڵەت لە هاتوچۆی دهۆک وەربگرێت.
لە کۆتایی راگەێیندراوەکەدا، هاتوچۆی دهۆک داوا لە شۆفێران دەکات بانگەشەی هەڵبژاردن نەکەنە دەرفەتێک بۆ ئەنجامدانی سەرپێچی و هۆشداری دەدات، هەرکەسێک پابەند نەبێت، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.