مەرزى کێلێ

شۆفێرانى بارهەڵگر لە سستى رایکردنى پسوڵەى قەپان نیگەرانن

964+

محەمەد عەلى- راپەڕین

سستی لە راییکردنی کاروباری پێدانەوەی پسوڵەی قەپانکردن لە مەرزی نێودەوڵەتیی کێلێ، شۆفێرانی بارهەڵگری نیگەران کردووە و دەڵێن، “لە بەیانییەوە لە چاوەڕوانیداین و تا درەنگانێکی شەو کارەکانمان بۆ رایی ناکرێت.”

سەرکەوت قادر، یەکێک لە شۆفیرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە مەرزی کێلێ، بە 964ـی وت: “لە کاتژمێر 06:00ی بەیانییەوە هاتووینەتە مەرزی کێلێ، لە کاتژمێر 1:00ـى پاشنیوەڕۆوە لە سەرەی قەپانکردن وەستاوین بۆ وەرگرتنەوەی پسوڵەی دەرچوونمان، بەڵام کارەکان زۆر بە سستی بەڕێوەدەچن”.

وتیشی: “چەندین جار بەڵێنیان پێداوین کە قەپانێکی دیکە بۆ مەرزەکە دابین بکەن، بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە چارەسەر بێت، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، بۆیە داواکارین رێگاچارەیەکمان بۆ بدۆزرێتەوە و چیتر بە بارەوە لە چاوەڕوانیدا نەمێنینەوە.”

سەبارەت بەم کێشەیە، عەباس عەزیز، بەڕێوەبەرى گومرگی راپەڕین، بە 964ـی راگەیاند: “زۆرجار گرفتی دواکەوتنی پێدانەوەی پسوڵەی دەرچوونی قەپانکردن لە مەرزی کێلێ دروست دەبێت، ئەمەش بەهۆی زۆریی ژمارەی شۆفێران و بوونی تەنها یەک قەپانەوەیە، هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە رۆژانی شەممە، بەهۆی زۆریی هاتنی بارەوە، ژمارەی شۆفێرانیش زیاتر دەبێت.”

ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین جار قسەیان لەگەڵ لایەنی ئێرانی کردووە بۆ ئەوەی قەپانێکی دیکە بهێنن و کێشەکە چارەسەر بکەن، چونکە قەپانەکە لە سنووری ئێرانە و هی ئەوانە، ئێستاش لە هەوڵدان بۆ دانانی قەپانێکی تر، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە.

جێگای ئاماژەیە، رۆژانە نزیکەی 250 بارهەڵگر لە مەرزی کێلێوە هاتوچۆ دەکەن و نزیکەی 1000 کەسیش لە نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان هاتووچۆ دەکەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لە مەرزى کێلێ؛ 222 کارتۆن کێکى ئێرانى دەستى بەسەرداگیرا

لە مەرزى کێلێ؛ 222 کارتۆن کێکى ئێرانى دەستى بەسەرداگیرا