سەرچاوەیەک: بەڕێوەبەری ئاسایشی هەرێم گۆڕدراوە

964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ھیوا ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی کراوەتە بەرپرسی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، بەپێی سەرچاوەیەک لەناو ئاسایشی سلێمانی بۆ 964.

سەرچاوەکە وتیشی، ھیوا ئەحمەد بە فەرمی بووەتە بەرپرسی ئاسایشی دەزگای ھەرێم لە جێگەی دکتۆر خەسرەو گوڵ محەمەد.

هەروەها رایگەیاند، بڕیارە خالید ماوەتی بکرێتە بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، بەڵام تا ئێستا بڕیاری دەستبەکاربونی بۆ دەرنەچووە.

خالید ماوەتی پێشتر بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوشاری سلێمانی بووە، ماوەیەکە کاندیدە بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی و لە ئێستادا زانیارییەکان دەڵێن، “ئەو پۆستەی بۆ یەکلابووەتەوە”.

ماوەیەکە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە چەند گۆڕانکارییەک لەناو ئاسایشی سلێمانی.

هیوا ئەحمەد، سەرەتای ساڵی 2021 وەکو بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لە شوێنی وەستا حەسەن دانرا و ماوەی دوو ساڵە بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانیە.

خەسرەو گوڵ محەمەد، لەساڵی 2012 وەکو سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم دیاریکرا و ماوەی 11 ساڵە بەردەوام بووە و ماوەیەکە خانەنشین بووە.

پێداچوونەوە: هێمن بەکر