"پڕۆژە نوێیەکان نرخەکانیان هێناوەتە خوارەوە، بەڵام چاوەڕێی بەرزبوونەوەین"
کەلار؛ بازاڕی خانووبەرە “وەک جاران نەماوە” و نرخ دابەزیوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
نرخی خانووبەرە لە کەلار، کە سەردەمانێک بە گرانترین بازاڕی هەرێم دادەنرا، دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا لە ئاستی شارە گەورەکانی دیکەی هەرێم و عێراقدایە، خاوەن نووسینگەیەکی خانووبەرەش دەڵێت، دابەزینەکە وەستاوە و مانگانە سەدان مامەڵە ئەنجام دەدرێن.
سابیر عەزیز، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە لە کەلار، بە 964ـی وت، “بەشێوەیەکی گشتی نرخی خانووبەرە لە شارەکان و تەنانەت وڵاتانیش دابەزیوە، کەلاریش ئێستا لەو قۆناغەدایە، بەڵام هێشتا شان لەشانی نرخ لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک دەدات.
“هۆکاری سەرەکیی دابەزینەکە بۆ دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون دەگەڕێتەوە، سەڕەڕای ئەوەش هێشتا لە کەلار مانگانە نزیکەی 800 مامەڵەی کڕین و فرۆشتن دەکرێت.” سابیر عەزیز وای وت.
هیوایەکمان هەیە نرخەکان وەک جاران بەرز ببنەوە
سەبارەت بە داهاتووی بازاڕەکە، ئەو خاوەن نوسینگەیە ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و باشتربوونی باری ئابووریی هاوڵاتییان، هیوا هەیە کە بازاڕەکە بجوڵێتەوە و نرخی خانووبەرە لە کەلار جارێکی دیکە بەرەو بەرزبوونەوە بچێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر