گێتەمەژگە بە سۆرانی چی پێدەڵێن؟
ژنانی دەستڕەنگینی هەورامان لە تەوێڵە کۆبوونەوە
ئەمەل ناجی – هەورامان
پاییزە و فێستیڤاڵی جۆراوجۆر لە شارەکان بەڕێوەدەچێت، ئەمجارەیان ژنانی دەستڕەنگین لە تەوێڵە کۆبوونەتەوە و خواردنی بەتام و بەچێژی ناوچەکەی خۆیان نمایش دەکەن.
کەژاڵ سەعید خانمێکی لێهاتووە و پنە و تیرۆکەکەی بەدەستەوە گرتووە، ئیشی هەویر دەکات و گێتەمەژگەی هەورامان دروست دەکات و بۆ مایکی 964 وتی، بە سۆرانی کولێرە بە گوێزە و ئەم جۆرە تایبەتە بە تەوێڵە و شێوازی دروستکردنی زۆرە و بەپێی خواستی کەسەکان دەگۆڕێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەڵەبجە، سەنتەری چالاکی پاراستنی منداڵانی تەوێڵە، دوای کردنەوەی چەند خولێک بۆ خانمانی تەوێڵە ئەمڕۆ لە فیستیڤاڵێکدا بەرهەمەکانیان نمایشکرد.
هەنا عەلی، راهێنەری درووستکردنی شیرینییە و بە 964ی وت،” بەشێک لە شیرینیەکان هەر شیرینی ئاسایین، و بەشێکی دیکەیان تایبەتن بە ناوچەی هەورامان لە بەرهەمە سرووشتیەکانی ناوچەکە درووستدەکرێن وەک (کوتە، و لەپارێ) کە لە گوێز، توو، و قەزوان درووستدەکرێن.
هەنا لە تەوێڵە هاوسەرگیری کردووە، و لە خوشکێکیەوە فێری شیرینی و خواردن بووە، و دواتر کە هاتۆتە تەوێڵە لە سەنتەری چالاکی پاراستنی منداڵانی تەوێڵە بۆتە راهێنەر و خانمانی ناوچەکە فێری شیرینی دەکات.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح