کەرکوک
دەستیان بەسەردا دەگیرێت؛ ئەو پاسانەی خوار مۆدێلن نابێت چیتر کاربکەن
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
زیاتر لە 300 پاس لەناو شارى کەرکوک، لەبەردەم هەڕەشەى دەستبەسەرداگرتندان، هەربۆیە ئەمڕۆ شۆفێرەکانیان گردبوونەوە و شەقامى بەردەم پارێزگایان گرت.
کێشەى ئەو خاوەن پاسانە، پەیوەستە بە بڕیارێکى بەڕێوەبەرایەتى گشتى هاتوچۆ لە وەزارەتى ناوخۆى عێراق کە بڕیاریدا هەر پاسێک تەمەنى زیاتر بێت لە 30 ساڵ، دەکەوێتە خوار مۆدێل و نابێت کار بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەیەک لە خاوەن پاسەکانى کەرکوک لە دژى ئەو بڕیارە لەبەردەم شەقامى بیناى پارێزگاى کەرکوک گردبوونەوە و داوا دەکەن بڕیارەکە کارى پێنەکرێت، چونکە قوت و بژێوى ژیانیان لەسەر پاسەکانیانە.
ئەبو بیلال کە شۆفێرێکى پاسە، بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”ناتوانین پاسەکانمان بگۆڕین و بژێوى ژیانمانى لەسەرە، ئەگەر حکومەت دەیەوێت با پاسى نوێمان بۆ بکڕێت”.
عەقید محەمەد لە پۆلیسی هاتوچۆی کەرکوک بە 964ـی وت،” ئەو بڕیارە لە دەستی ئێمە نییە، بڕیاری بەرێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆیە لە وەزارەتی نوخۆی عێراق، هەر پاسێک زیاتر لە 30ساڵ بێت کار بکات دەبێت تابلۆ سورەکەی لێ وەربگیرێتەوە بکرێت بە زەرد و اتا بکرێت بە بارهەڵگر”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح