"کە لە شاخ بوو شیعرێکی بۆ خۆم نووسی"

خێزانی شێرکۆ بێکەس باسی یادەوەرییەکانی لەگەڵ ئەو گەورە شاعیرە دەکات

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

خێزانی شێرکۆ بێکەس باسی یادەوەرییەکانی لەگەڵ ئەو گەورە شاعیرەی کورد دەکات و دەڵێت، “شیعرێکی بۆخۆم نووسیوە و قەتیش لە شەودا شیعری نەدەنووسی”.

ئەمڕۆ سێشەممە 4.8.2026 لە پارکی ئازادیی سلێمانی مەراسیمی ساڵیادی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس بە بەشداری خانەوادەکەی و چەندین کەسایەتی بەڕێوەچوو، نەسرین ئەحمەد میرزا خێزانی کۆچکردووش لەوێ بوو، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “کاتێک لە شاخ بوو، ئەم شیعرەی بۆ خۆم نووسی کە دەڵێت،”ئەی ژنی تەنیا و غەمگینم، ئارامیشت وەک قژە خورماییەکەت درێژ درێژ بکەرەوە….”.

“لەبەر ئەوەی دەمناسی، قەت غیرەم لێ نەدەکرد و گوێم بە قسەی خەڵکی نەدەدا”، خاتوو نەسرین وادەڵێت.

باسی لەوەشکرد، کە پێچەوانەی زۆربەی شاعیران، شێرکۆ بێکەس هەرگیز لە شەودا شیعری نەدەنووسی و زۆرتر لە بەیانیان یان عەسرانێکی زوو شیعری دەنووسی.

خێزانی مامۆستا شێرکۆ بێکەس دەشڵێت، “زۆر حەزمان ئەکرد وەسیەتمان بۆ بکا بەڵام نەیکرد”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری