ئەمڕۆ كۆتا رۆژی خولەكەیان بوو

لە دهۆك 26 فەرمانبەری ژن فێری پیشەسازی زەیتی زەیتون دەكرێن

فەرهاد حەسەن

لەدهۆك، 26 فەرمانبەری ژن لە رێگەی خولێكی راهێناندا فێری پیشەسازی دروستكردنی زەیتی زەیتون دەكرێن و ئەمڕۆش دوا رۆژی خولەكەیان بوو.

خولەكە، بە هاوكاری رێكخراوی CIHEAM BARIـی ئیتاڵی و بەهەماهەنگی بەرٍێوەبەرایەتی باخداری دهۆك بۆ ماوەی دوو رۆژ بەڕێوەچوو، دوێنێ سێشەممە دەستیپێكرد و ئەمڕۆش كۆتایی پێهات.

سەعدوڵا دۆسكی، بەڕێوەبەری بەرٍێوەبەرایەتی رێنمایی كشتوكاڵی دهۆك بە 964ـی راگەیاند، ئەم 26 ژنە، فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتییەكانی باخداری و توێژینەوەی كشتوكاڵین و چەندین دەرچووی دانەمەزراوی بەشی كشتوكاڵیشیان لەگەڵە بۆ بەشداریان لەم خولە.

وتیشی “خولەكە، بۆ فێركردنیانە لە پیشەسازی زەیتی زەیتون و هەمانكات گرنگی ئەم جۆرە زەیتە لە ژیانی رۆژانەدا”.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای تەواوبوونی خولەكە هەریەك لەم بەشداربووانە لە بەڕێوەبەرایەتیەكەی خۆیان زانیاری ناو خولەكە و رێنماییە پێویستەكان بە جوتیارانی خاوەن باخی زەیتون لە دهۆك دەدەن.