راگەیەندراویان هەیە
دەستەیەک لە سلێمانی: خەباتی تاڵەبانی پاساو نییە بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانە
964+
ئەحمەد مستەفا
دامەزراوەی جەلال تاڵەبانی داوایەکی هەبووە بۆ ئەوەی، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە فەڕمی ناوەکەی بکرێ بە “فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی نێودەوڵەتی”، دەستەی داکۆکی لە سروشت و موڵکی سلێمانی لەگەڵ ئەو هەنگاوە نین و دەڵێن، پرس بە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و خەڵکی سلێمانی نەکراوە.
ئەو دەستەیە کە ئەمساڵ دژ بەکۆمەڵێک رێکاری موڵکی بازرگانی و نیشتەجێ بوون لە شارەکە، کۆمەڵێک رۆژنامەوان و نووسەر و ئەکادیمی پێکیان هێناوە، راگەیەندراوێکیان هەیە.
ئەوان دەڵێن، سەرەڕای سەرنج و رەخنەی جیاجیا، تاڵەبانی زیاتر لە نیو سەدە لە تەمەنی خۆی بۆ تێکۆشانی گەلەکەی تەرخانکردووە و یەکێکە لە فیگەرە دیارەکانی کوردستان و عێراق و تەنانەت ناوچەکەش، بەڵام ئەمە پاساو نییە بۆ ئەوەی رێکخراوێکی حیزبی و سەر بە ماڵباتی تاڵەبانی بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگا و شارەوانی، راستەوخۆ بڕیاری گۆڕینی ناوی ئەو دامەزراوەیەی سلێمانی بدرێت.
ئەوان لەبارەی مێژووی شارەکەش و هاوتای گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکە تێبینییان هەیە، و دەڵێن، هەنگاوی ناو گۆڕینی فڕۆکەخانەی سلێمانی جگە لەوەی دژی مێژووی سلێمانییە وەکو شارێکی درەوشاوەی کوردستان، درۆی ئەو پەسن و پێداهەڵدانەش بە روونی دەردەخات کە ناوبەناو و بەتایبەتیش لە دەمی بانگەشەی هەڵبژاردندا، راگەیاندن و سەرکردەکانی یەکێتی، سلێمانی وەکو “شاری شاران” وەسف دەکەن.
دەستەکە داوا دەکەن، هەروەکو چۆن لە رابردوودا دژ بە تێکدانی سروشت و داگیرکردنی موڵکی سلێمانی لە چەندین بۆنەدا بۆچوونی خۆیان خستووەتەڕوو، گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانیش بە سەرپێچییەکی گەورە دەزانن و داوا دەکەین و مکوڕن لەسەر مانەوەی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی وەک خۆی.
د محەمەد سابیر، بەڕێوەبەرى دامەزراوەى مام وردەکارییەکەى بۆ 964 باسکرد و وتى،”دوو ساڵە خەریکى ئەو بابەتەین، نەمانویست ئاشکرابێت هەتا لە رێوڕەسمێکدا ناوەکەى دەگۆڕین، بەڵام دوو هەفتە لەمەوبەر، رەزامەندى سەرۆک وەزیرانى عێراق هاتەوە و بڕیاردرا بە گۆڕینى ناوەکەى”.
“فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى دەگۆڕێت بۆ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى جەلال تاڵەبانى، ئەمە وردەکارى گۆڕانکارییەکەیە و وەزارەتى گواستنەوەى عێراق و دەسەڵاتى فڕۆکەوانیەکەشى رەزامەندیان لەسەرى داوە”، دکتۆر محەمەد واى وت.
دەربارەی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانیی نێودەوڵەتی
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و پاش ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ئیتیحادی، بڕیار دراوە لەسەر داوای دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانیی نێودەوڵەتی بگۆڕدرێت بە فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانیی نێوەدەوڵەتی.
ئەوە قسە هەڵناگرێت سەرەڕای سەرنج و ڕەخنەی جیاجیا، تاڵەبانی زیاتر لە نیو سەدە لە تەمەنی خۆی بۆ تێکۆشانی گەلەکەی تەرخانکردووەو یەکێکە لە فیگەرە دیارەکانی کوردستان و عێراق و تەنانەت ناوچەکەش، بەڵام ئەمە پاساو نییە بۆ ئەوەی ڕێکخراوێکی حیزبی و سەر بە ماڵباتی تاڵەبانی بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، یان تەنانەت بێ گەڕانەوە بۆ پارێزگا و شارەوانیی سلێمانی و پرسوڕا بە دەستەبژێرەکانی شارەکە، ڕاستەوخۆ بڕیاری گۆڕینی ناوی ئەو دامەزراوەیەی سلێمانی بدرێت کە تاکە دامەزراوەیە ناوی شارەکە بە دنیای دەرەوە دەگەیەنێت.
ئەوە لە کاتێکدایە تاڵەبانی تا لە ژیاندا بوو دژی ناونانی دامەزراوە و شوێنە گشتییەکان بوو بەناوی خۆی، یان کەسە نزیکەکانی ئەو، بۆ نموونە ناونانی حامیەی کۆن بە ” پارکی ئازادی”.
هەنگاوی ناو گۆڕینی فڕۆکەخانەی سلێمانی جگە لەوەی دژی مێژووی سلێمانییە وەکو شارێکی درەوشاوەی کوردستان، درۆی ئەو پەسن و پێداهەڵدانەش بە ڕوونی دەردەخات کە ناوبەناو و بەتایبەتیش لە دەمی بانگەشەی هەڵبژاردندا، ڕاگەیاندن و سەرکردەکانی یەکێتی، سلێمانی وەکو “شاری شاران” وەسف دەکەن.
دەبێت ئەوە وە بیری گشت لایەک بهێنینەوە شاری سلێمانی کە تەمەنی٢٤١ ساڵی رەبەقە چەندان سەرکردەی سیاسی و رۆشنبیر و کەسایەتی گەورەی تیادا ژیاوە، بۆیە مێژووی شارەکە درێژتر و گەورەترە لە مێژووی کەسایەتییە دیارەکانی.
ئەم هەنگاوە گەر سەر بگرێت، ڕێ خۆشکەرە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا چەندین دامەزراوە و شوێنی خزمەتگوزاری، بێ گەڕانەوە بۆ داودەزگاکانی هەرێم و پرسوڕا بە خەڵکەکەی، بکرێن بەناوی ئەم یان ئەو سەرکردەوە.
ئێمە لە دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی هەروەکو چۆن لە ڕابردوودا دژ بە تێکدانی سروشت و داگیرکردنی موڵکی سلێمانی لە چەندین بۆنەدا بۆچوونی خۆمان خستۆتە ڕوو، گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانیش بە سەرپێچییەکی گەورە دەزانین و داوا دەکەین و مکوڕین لەسەر مانەوەی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی وەک خۆی.
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی
٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥