ئەو پێچەی نەهاتە بۆ شۆفێران
تەنیا لە یەک مانگدا 10 رووداوی هاتوچۆ
964+
ئاکام غەفور – سۆران
پێچە سەختەکەی رێگای گەلی عەلی بەگ لەم مانگە زیاتر لە 10 رووداوی هاتوچۆی لێی روویداوە و بە قسەی قایمقامی خەلیفانیش پێچەکە لە رووی ئەندازەییەوەیاساییە.
لۆفەکە دەکەوێتە نزیکی وێستگەی قەپانی خەلیفان، یەکێکە لەو شوێانەی بەردەوام روودای هاتوچۆی تێدا روودەدات، لە 29 رۆژی رابردووش زیاتر لە 10 رووداوی هاتوچۆ رویداوە لەم شوێنە، شۆفێران داوای چارەسەرێک دەکەن و لایەنی پەیوەندیداریش دەڵێت، هۆکاری ئەم هەموو رووداوە خێرایی شۆفێرانە.
سلێمان رەسوڵ شۆفێرە و بۆ 964 وتی، پێچەکە زۆر سەختە پێویستە حکومەت، بە بڕینی شاخەکە چارەسەری بکات و رێگاکە فراوان بکرێت.
لەسەر ئەو بابەتە، مەغدید ئەحمەد قایمقامی خەلیفان قسەی بۆ 964 کردووە دەڵێت، ”راستە پێچەکە سەختە، بەڵام هۆکاری رووداوەکان ئەوەیە شۆفێران زیاتر لە خێرایی رێگەپێدراو پێچ دەکەنەوە، ئەگەرنا لە رووی ئەندازەی هاتوچۆوە گرفتی نییە”.
وەک باسی دەکات، ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی رێگاکە لە خەلیفان بۆ بازگەی ناو گەلی بکرێت بە دووساید، تەنها ئەوە ماوە پارەکەی بۆ خەرج بکرێت، لەگەڵ بە جوتساید کردنی رێگاکەش پێچەکە وەک خۆی نامێنێت و گرفتەکە چارەسەر دەبێت.
رێگای گەلی عەلی بەگ، رێگای شادەماری بازرگانی و گەشتیاریە، ئەم رێگایە پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سۆران و دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەبەستێتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی