وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران، فۆتۆ: ئاژانسەكان
مەسعود پزیشكیان:
ئێران هیچ كات نەیویستووە چەكی ئەتۆمیی هەبێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكی ئێران رایگەیاند ئامادەن گفتوگۆی دادپەروەرانە و راست و رەوان بكەن، دانیشی بەوەدانا وڵاتەكەی هیچ كات نەیویستووە چەكی ئەتۆمیی هەبێت.
مەسعود پزیشكیان لە نوێترین لێدوانیدا ئەمڕۆ یەكشەممە 28.9.2025 بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند، ئێران ئامادەی گفتوگۆی واقیعی و راست و دادپەوەرانەیە، نایەوێت گفتوگۆیەك بكات، كە پەلكێشی كێشە و گرفتی نوێی بكات.
سەرۆكی ئێران هەروەها رایگەیاند، وڵاتەكەی هیچ كات هەوڵ نادات چەكی ئەتۆمیی هەبێت، ئەم هەڵوێستەش پشت بە فەتوای رێبەری ئێران و دامەزراوە ئاینییەكان دەبەستێت.
“ئێران ئامادەیە رووبەڕووی هەر بارودۆخێكی پێشبینیكراو ببێتەوە، بژێویی خەڵكیش لە سەرووی ئامانجەكانی حكومەتە” ئەمە قسەی پزیشكیانە.
پزیكشیان كە دوێنێ لە نیویۆرك بوو، وتیشی، “ئەمریكا شێوازێكی نالۆژیكی گرتووەتەبەر بەرامبەر هەوڵە راستگۆیەكانی ئێمە، بۆ چارەسەرێكی دادپەروەرانەی دۆسیەی ئەتۆمی”.
ئەو قسانەی سەرۆكی ئێران هاوكاتە لەگەڵ داخستنی گفتوگۆیەكانی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و گەڕانەوەی سزاكانی سەر ئەم وڵاتە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە.