"وەبەرهێنانی لێ دەکەین"
وێنە ناوازەکانی سروشتی سۆران نمایش کران
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لە رۆژی جیهانیی گەشتوگوزار وێنەی سروشتی 24 وێنەگر و فۆتۆگرافەری سنووری سۆران نمایش کران.
وێنەکان ناوچەکانی ئیدارەی سۆران بوون، گەشتوگوزاریش دەڵێت، مەبەستیانە لە رێگەی ئەو وێنانەوە وەبەرهێنان بکەن.
کاڵێ حوسێن، وێنەگرێکی چۆمانە و بۆ 964 وتی، وێنەکەم مانای ئەوەی هەیە ژیان لە هێمنی و سروشتدایە، ئەگەر مرۆڤەکان هۆکار نەبن بۆ تێکدانی ئەو هێمنییە ژیان زۆر جوانە.
کاڵێ وێنەی سمۆرەیەکی لە نزیکەوە لە ناو سروشت گرتووە، وەک باسی دەکات، برادەرایەتی لەگەڵ سمۆرەکە هەبووە، بۆیە توانیویەتی ئاوا لە نزیکەوە وێنەی بگرێت و بە یەکێک لە وێنە هەڵبژێردراوەکان دانراوە.
کەمال خودادا، بەرپرسی راگەیاندنی گەشتوگوزاری سۆران، بە 964ـی وت، بەرپرسانی وەبەرهێنان لە کردنەوەی پێشانگاکە ئامادەبوون، لە نزیکەوە وێنەکانیان بینی، مەبەستیانە ئەو وێنانە کاری وەبەرهێنانی بۆ بکەن لە رووی گەشتیارییەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمە مستەفا