پڕکردنی یەک زەرف 500 دینارە

“لە 90%ـی جوتیاران زەرەریان کردووە “

964+

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

قوڕگی شێری ئەم هەفتەیە لەناو رەز و باخەکانی جوتیاراندایە و ماندووبوونێکی زۆری دەوێت و داهاتیشی کەمە.

هەر رۆژهەڵاتن پەیامنێری 964 بەڕێدەکەوێت بەرەو دەرەوە شار، تا زوو فریاکەوێت و بەرهەمێکی زۆری جوتیاران کۆبکاتەوە و عانەیەک پەیدابکات، یەکەم هەنگاویش لە باینجانەکانەوە دەستیپێکرد، بەڵام تەواو خۆی داپۆشی تا تووشی خوروو یان حەساسیەت نەبێت.

ئەحمەد شەمزین دەڵێت، کۆکردنەوەی ئاسان نییە و دەبێت باینجانەکان جیابکەیتەوە، چونکە خراپ بووەکان یان پێنەگەیشتووەکان سوودی نییە.

دوای ماندووبوونێکی زۆر زەرفێکی باینجانی پڕکرد کە تەنیا نرخەکەی 500 دینار، دواتر چووە ناو بیبەرە تیژەکان، بەهۆی ئەوەی کاتێکی زۆری دەوێت پڕکردنی زەرفێک و بچوکە قەبارەکەی، لە بەرامبەردا تەنیا 1000 دینار وەرگرێت.

ئیدریس عەلی جوتیارە و خاوەنی کێڵگەیەکی کشتوکاڵیە بۆ 964 دەڵێت، کورد ئیشی کرێکاری ناکات، لە 90%ـی جوتیاران زەرەریان کردووە، چونکە نرخی بەرهەمەکانیان هەرزانە.

جوتیاران دەڵێن، بەرەکەتی کارەکە لەوەدایە خەڵک خۆیان بێن بەرهەمەکان کۆبکەنەوە و بیبەن بێ بەرامبەر، بۆیە گەردنی هەر کەسێک ئازاد دەکەن لەوێوە تێپەڕبێت و بەرهەمێکی بوێت لەگەڵ خۆی بیبات.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح

"کرێکارەکان مەینەتی زۆر دەبینن"