مانگرتنی کارمەندانی پسوولەی خۆراکی سلێمانی گەیشتە پەرلەمانی عێراق

964+

فەرمان سادق

ماوەی نۆ رۆژە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی سلێمانی مانیان گرتووە و دەڵێن، تاوەکو دەرماڵەمان بۆ خەرج نەکەن ناگەڕێینەوە بۆ دەوام.

داواکاری ئەو فەرمانبەرانە ئەوەیە کە جۆرێک لە دەرماڵە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی بازرگانی پارێزگاکانی عێراق خەرج دەکرێت جگە لەوانەی هەرێمی کوردستان.

لەسەر ئەو پرسە دوێنێ شاندێکی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراق دوێنێ شەممە 25ـی مانگ، سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

یاسین محەمەد، بەڕێوەبەری بازرگانی سلێمانی بە تۆڕی964ـی وت، فەرمانبەرانی بازرگانی بەردەوامن لە مانگرتن.

بەڕێوەبەری بازرگانی سلێمانی لە کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان وەزارەتی بازرگانی هەرێم و بازرگانی عێراق ئامادو بووە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە داواکاری فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی سلێمانی بووە کە داوای ئەو پاداشتەیان کردووە کە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق خەرج دەکرێت.

لەمبارەیەوە دەڵێت: داواکارییەکانمان خستەڕوو بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا وەڵاممان وەرنەگرت، بۆیە چاوەڕێی وەڵامین.

زیاتر وتی “گەڕامەوە سلێمانی، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەم بۆ فەرمانبەران باس کرد، بەڵام قەناعەتیان نەهاتووە و پێداگیرن لەسەر داواکارییەکانیان”.

داواکاری فەرمانبەرانی بازرگانی سلێمانی، هەمان داواکاری فەرمانبەرانی بازرگانی هەولێر و دهۆکە، بەڵام ئەوان مانگرتنیان لە دەوام رانەگەیاندووە.

ئەو داواکارییە گەیشتووەتە ژمارەیەک پەرلەمانتار، لەوانە ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، موسەننا ئەمین پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی و چەند پەرلەمانتارێکی دیکەش.

تۆڕی964، پەیوەندی بە ڤیان سەبری و موسەننا ئەمین کرد، بەڵام پەیوەندییەکانیان بەردەست نەبوو.

بە قسەی بەڕێوەبەری بازرگانی سلێمانی بێت، ئەو پەرلەمانتارانە بەڵێنیان داوە وەزیری بازرگانی عێراق لەسەر ئەو پاداشتە بانگهێشت پەرلەمانی بکەن.