داوای قوتابخانە دەکەن
دانیشتووانی پڕۆژەی دووبرا سیتی لە ناحیەی شیلادزێ گردبوونەوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
دانیشتووانی پڕۆژەی دووبرا سیتی لە ناحیەی شیلادزێ قوتابخانەیان نییە، ئەمڕۆ ناڕەزاییان دەربڕی و نەیانهێشت قوتابییەکانیان بچنە قوتابخانە و دەوام بەکەن.
تەمەنی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دووبرا سیتی نزیکەی 10 ساڵە، بەڵام هێشتا قوتابخانە لەناو پڕۆژەکە دروست نەکراوە و لە دەرەوەی پڕۆژەکە سێ خانوو لە تەنیشت یەکەوە کراون بە قوتابخانە، کە زیاتر لە 250 قوتابی لەخۆدەگرێت و هەر ژوورێک لانیکەم 40 قوتابی تێدایە.
بەرقی هلوری، باوکی یەکێک لە قوتابیەکان بە 964ـی وت، “چەندین ساڵە داوا دەکەین قوتابخانەیەک لە پڕۆژەی دووبرا سیتی دروست بکرێت، هێشتا هیچ وەڵامێکیان نەداوینەتەوە و ئێمەش ئەمڕۆ نەمانهێشت قوتابییەکانمان بچنەوە دەوام”.
ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵەکانیان لە دۆخێکی خراپدان، سێ قوتابی لەسەر مێزێک دادەنیشن و بۆ کاری سەرئاو و توالێتیش دەگەڕێنەوە ماڵەوە.
پڕۆژەی دووبرا سیتی 180 ماڵی تێیدایە و دەکەوێتە ناحیەی شیلادزێ لە سنووری قەزای ئامێدی.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری