سێ رۆژ بەردەوام دەبێت

حەوتەمین پێشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازیی و کەرستەی بیناسازیی لە هەولێر كرایەوە

شۆڕش قادری

بە بەشداری 400 کۆمپانیا لە 20 وڵاتی جیهانیەوە، حەوتەمین پێشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازیی و کەرستەی بیناسازیی لە هەولێری پایتەخت كرایەوە و بۆ سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

پێشانگاکە ئەمڕۆ سێشەممە 23.9.2025 بە ئامادەبوونی بەشێک لە کاربەدەستدانی هەولێر و نوێنەرانی وڵاتان لە پایتەخت و پیاوانى کار کراوەتەوە، تیایدا تازەترین بەرهەم و كەرەستە و كەلوپەلی پێشکەوتووی کۆمپانیا پیشەسازییەکانی ناوخۆی کوردستان و وڵاتانی بیانی نمایشكراوە و نوێترین کار و بەرهەم و ئۆفەرەكانی بۆ هاوڵاتیان خراوەتەڕوو کە بەپێی راگەیەنراوێکی پارێزگای هەولێر، گرنگیەكی زۆری هەیە بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوونی هاوڵاتیان بە کەرستە و ئامێر و پێداویستییە سەردەمیەكانی پیشەسازیی و بیناسازییەكان.

دوای کردنەوەی پیشانگاکە و بەسەرکردنەوەی بەشەکانی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر هیوای خواست، كردنەوەی ئەم پیشانگاییە ببێتە هۆکارێک بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی كەرتی پیشەسازیی و بیناسازیی لە هەولێر بەتایبەتی و هەرێمی کوردستان بەگشتیی.