لە گوندی پەڵکانە شوانێکی تورکمان رفێندرا

964+

هونەر فارس- گەرمیان

لە گوندی پەڵکانە شوانێکی تورکمان لەلایەن گروپێکی چەکدار رفێندرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 26.2.2023، شوانێکی تورکمان لە سنووری گوندی پەڵکانەی سەر بە ناحیەی خورماتووە، لەلایەن گروپێکی چەکدار رفێندرا.

فەرماندەیەکی سەربازی سنوورەکە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت زانیارییەکانی بۆ تۆڕی964 پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە شوانەکە لەلایەن “چەکدارانی داعش” رفێندراوە.

ئەو شوانە ناوی عەلی ئەکبەرە و خەڵکی گوندی خەسردارلی سەر بە ناحیەی خورماتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ بە مەبەستی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی لە سنووری گوندی پەڵکانە نزیک بووەتەوە و لەلایەن “چەکدارانی داعشەوە” ڕفێندراوە.

فەرماندەیەکی سەربازیی سنورەکە، زانیارییەکانی بۆ تۆڕی964 پشتڕاستکردەوە، ئاماژەی بەوەشدا کە چەکدارانی حەشدی شەعبی بەمەبەستی بەهاناوە چوونی شوانە رفێندراوەکە چوونەتە سنوورەکە و لەلایەن “چەکدارانی داعشەوە” بە فیشەک بەرپەچ دراونەتەوە.

تا ئێستا نەزاندراوە شوانەکە تەمەنی چەند ساڵە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی964 بێت، ئەمە چوارەم حالەتی رفاندنە لەمساڵدا لە سنوورەکە رووبدات، دەگوترێت هەموویان لەلایەن “چەکدارانی داعش” رفێندراون.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق