"ئێمە چاوەڕێی تەرمەکەی بووین"

چارەنووسی ئەو پاسەوانەی لالەزار ئاشکرابوو، کە پێیان وت شایەتومان بێنە

964+

دەریا ئەحمەد – کۆیە

مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر رووداوەکەی لالەزار و هێشتا کۆمەڵێک چیرۆک هەن کە تازە ئاشکرادەبن، یەکێک لەو گرتە ڤیدیۆییانەی ئەوکات بڵاوبوویەوە، پاسەوانێکی لاهور شێخ جەنگی بە برینداری دەکەوێتە دەستی هێزە ئەمنییەکان و داوای لێدەکەن شایەتوومان بێنێت.

ئێستا خزمێکی ئەو پاسەوانە، زانیاری لەسەر رەوشی تەندروستی ناوبراوو دەخاتەڕوو و دەڵێ، لە زیندانە.

بەرەبەیانی 22.8.2025 پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی و پاسەوانانی لالەزار روویدا، لەو رووداوە کوژرا و برینداری لێ کەوتەوە و ژمارەیەک زۆریش ئەندامی هێزی لالەزار دەستگیرکران.

فاخیر قوربانی کەسوکاری ئەو پاسەوانەی لاهور شێخ جەنگییە ئەو بە 964ـی وت، ئێمە تا چەند رۆژێک هیچ هەواڵێکمان لەسەر ناوبراو نەدەزانی، کاتێکیش ئەو گرتە ڤیدیۆیە بڵاوبویەوە و دۆخی ئاوا خراپ بوو وتمان مردووە و چاوەڕێی تەرمەکەی بووین.

وەک ئەو دەڵێ، بە تایبەت کاتێک داوای لێدەکەن شایەتوومان بێنێت، بەڵام چەند رۆژێک دواتر هەواڵ بە باوکی دراوە، کە زیندووە بەڵام بە سەختی بریندارە، ئەو پاسەوانەی لاهور شێخ جەنگی پارچە بەر سەر و پشت و قۆڵی کەوتبوو، وە بەشێکی جەستەشی سوتاوە، بەڵام ئێستا دۆخی تەندروستی جێگیرە و لە زیندانی کانی گۆمەیە.

ئەو کەسوکارەی پاسەوانەکە دەڵێ، برایەک و زاوایەکی تریشی لەگەڵی دەستگیرکراون کە بەهەمان شێوە پاسەوان بوون، وە باوکی و چەند خزمێکیان دوو جار سەردانیان کردووە و بینیوویانە.

محەمەد مەحمود گەنجێکی تەمەن 27 ساڵەی خەڵکی قەڵادزێیە هاوسەرگیری نەکردووە، لە رووداوەکەی لالەزار بەسەختی بریندار دەبێت، بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیی ساتی برینداربوونی کاردانەوەی زۆری لە سۆشیاڵ میدیا درووست کرد، کاتێک ئەندامێکی ‌هێزە ئەمنییەکان داوا دەکات، شایەتوومان بێنێت و ئەویش بە دەنگێکی کز و خاو شایەتوومان دەهێنێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

رووداوەكەی لالەزار كردنەوەی مزگەوتی تەکیەی تاڵەبانی د...

رووداوەكەی لالەزار كردنەوەی مزگەوتی تەکیەی تاڵەبانی دواخستووە