هەریەکە و بۆ دەردى خۆى
لە هەڵەبجە دامەزراو و دانەمەزراوان گردبوونەوە
ئەمەل ناجى
لەبەردەم بینای پارێزگای هەڵەبجە، لە ماوەی کاتژمێرێکدا دوو گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوەچوون، یەکەمیان لەلایەن بەشێک لەو کەسانەوە بوو کە سەرەڕای دەرچوونی فەرمانی دامەزراندنیان هێشتا دەستبەکارنەبوون، دووەمیشیان لەلایەن دەرچووانی دانەمەزراوەوە بوو، دژی دامەزراندنی 52 کەس.
سەروەت کەریم، ئەمڕۆ یەکشەممە 21.9.2025 یەکێک لەو کەسانەی کە فەرمانی دامەزراندنی بۆ دەرچووە بە 964ـی وت: “لەنێو ئەو 500 کەسەی کە بۆ هەڵەبجە دامەزران، تەنیا 74 کەسمان کە بۆ وەزارەتی ناوخۆ دامەزراوین، هێشتا فەرمانی دەستبەکاربوونمان بۆ دەرنەچووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد کە کارەکەیان لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە راگیراوە و تەنیا رەزامەندی ئەو ماوە بۆ ئەوەی دەستبەکاربن.
هاوکات، دەرچووانی دانەمەزراوی پارێزگاکە دژی دامەزراندنی 52 کەس بە فەرمانی تایبەت گردبوونەو، چیا حەمەمین، یەکێک لە دەرچووە دانەمەزراوەکان بە 964ـی وت،”ماوەی هەفتەیەکە پارێزگار بڕیاری راگرتنی دامەزراندنەکەی داوە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کردارییمان نەبینیوە”.
داواکارى چیا حەمە ئەمین ئەوەبوو کە وەڵامێکی ڕوونیان پێبدرێتەوە و دڵنیابکرێنەوە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دامەزراندنە.
ئەو دەرچووە دانەمەزراوانە جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو 52 کەسە بەبێ پڕکردنەوەی فۆڕم و بە “تەزکیەی حزبی و خزم خزمێنە” دامەزراون و هەندێکیان خەڵکی ناوچەکەش نین.
دەرچووانی دانەمەزراو ماوەی سێ هەفتەیە بەردەوامن لە گردبوونەوەکانیان و پلانیان هەیە سەردانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی دامەزراندنی ئەو 52 کەسە. ئەوان داوای شەفافیەت و دادپەروەری دەکەن لە پرۆسەی دامەزراندندا..
پێداچوونەوە: وریا فەتاح