کەس خۆى ناکات بە خاوەنى
رێگەى گۆمەسپان کەڵى هاتوچۆى نەماوە
964+
وریا فەتاح
ماوەیەکى زۆرە بەهۆى دروستکردنى بەنداوى گۆمەسپان، رێگایەکى کاتى بۆ هاتوچۆ دروستکراوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى رێگەکە گڵە و پڕە لە چاڵوچۆڵى گەورە، خەریکە هاتوچۆکردن لە رێگەکەوە بەتەواوەتى پەکى دەکەوێت.
رێگاکە، رێگاى جێگرەوەى هەولێر- ئیدارەى راپەڕینە، واتا ئەو بەشەى بەهۆى دروستکردنى بەنداوى گۆمەسپانەوە کەوتووەتە ژێر ئاو.
یونس واحید، ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتى چاککردن و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر لە سنوورى کەرتى دوو بە 964ـى وت،”رێگەکە لە زیمەى ئەواندا نییە بۆیە ناتوانن دەستکارى بکەن”.
عەبدوڵا حەمەد گەردى، بەڕێوەبەرى گرووپى سێنک، جێبەجێکارى پڕۆژەى بەنداوى گۆمەسپان بە 964ـى وت،”رێگاکە لە زیمەى ئێمە نەماوە، هەتا ئەو کاتەى ئێمە سەرپەرشتیمان دەکرد لێ نەدەگەڕاین گرفت دروست ببێت و لەپارەوە لاى ئێمە نەماوە و ئێمە ناتوانین دەستکارى بکەین”.
دەشڵێت: ئەگەر بەخێریش بیکەین ناتوانین، چونکە کارکردنەکەى زەحمەتە و هاتوچۆى زۆرى لەسەرە.
لەئێستادا پڕۆژەى رێگاى دووسایدى گۆمەسپان زۆرینەى کارەکانى تەواو کردووە، بڕیارە بەمزوانە بکرێتەوە، بەڵام ئەو رێگایەى کە ئێستا لە بەنداوى گۆمەسپان لەلایەن شۆفێرانەوە بەکاردەهێنرێت، خەریکە بەتەواوەتى پەکى دەکەوێت.