"دواى مەرزییە هیچ شتێک وەکوخۆى نەما"

خوشکى مەرزییە: بەمەرگى مەرزییە هیچ کەس هێندەى لەیلا فەریقى لێى نەقەوما

964+

دەشتی عارف -هەولێر

خوشکێکى مەرزیەى فەریقى باس لەو ساتانە دەکات کە مەرگى مەرزییە دەبیستێت و دەڵێت: لە دواى مردنى مەرزییە هیچ شتێک وەکخۆى نەما.

مێهرى فەریقى، خوشکى هونەرمەندى گەورەى کورد مەرزییە فەریقى، بە 964ـى وت،”لە دەوام بووم، وەزیر هاتبوو منیش خەریکى حسابات بووم، خاڵۆژنم تەلەفونى کرد وتى خاڵت جەڵتە لێیداوە و مۆڵەت بخوازە، بەڵام کە رۆشتمە ماڵى خاڵم، خاڵم لە قادرمەکان دەهاتە خوارەوە و هەموویان مات و مەلول بوون و دەیانوت مەرزییە مەرزییە، کە سەیرى شاشەى تەلەفزیۆنەکەم کرد نوسرابوو “مەرزییە فەریقى کۆچى دوایى کرد”.

ئەو کە هیشتا خەمى لەدەستدانى خوشکە دەنگخۆشەکەى لەسەر رووخسارى لانەچووە، بە گریانەوە وتى،”لەدواى مەرگى مەرزییە هیچ شتێک وەکخۆى نەما”.

ئاشکراشى کرد، جیاواز لە هەمووانن مەرگى مەرزییە زیاتر لەسەر لەیلا دەرکەوت، چونکە مەرزییە هەم دایک و هەم خوشک بوو بۆ لەیلا و زۆر هاوکارى بوو.

ئەو باسى بەسەرهاتێک دەکات و دەڵێت، رۆژێکیان لە سلێمانى لە ماڵى مەرزیە بووم، دەگەڕامەوە بۆ رۆژهەڵات، لە کاتى ماڵئاوایى بە مەرزیەم وت،” بۆچى بینایەک موڵکێک ناکڕى وەک هەموو ئەو کەسانەى تر”، مەرزییەش لە وڵامدا وتبووى،”تۆ نازانى، من خاوەنى باڵەخانە و موڵکم، دەوڵەمەندترین کەسم، چونکە من خەڵکم هەیە و مێژووم هەیە”.

ئەمڕۆ 18ـى ئەیلول، 20 ساڵ بەسەر مەرگى هونەرمەند مەرزییە فەریقیدا تێدەپەڕێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

20 ساڵە مەرزییەى فەریقى لێرە نییە

20 ساڵە مەرزییەى فەریقى لێرە نییە